Accessibility links

ئۆکرانیا داوای سەپاندنی سزای زیاتر دەکات لە دژی ڕووسیا


ئۆکرانیا ڕۆژی چوارشەممە پێشوازی لە پاکێجی سزا سەپێندراوەکانی سەر ڕووسیا کرد بەرامبەر کردەوەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا، بەڵام داوای زیاتر و خێراتری ئەو هەڵمەتانەی کرد و گوتی پێویستە ڕێگە لە ڤلادیمیر پوتنی سەرۆکی ڕووسیا بگیرێت کە "دەستدرێژیی زیاتر" نەکات.

دیمیترۆ کۆلیبا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا نوسیویەتی "دوێنێ هەنگاوی یەکەمی یەکلاییکەرەوە دراون و ئێمە سوپاسگوزارین" "ئێستا دەبێت فشارەکان بە ئاڕاستەی وەستاندنی پوتن هەنگاوبنێن، بەرەنگاری ئابوری و هاوڕێکانی ببینەوە. زیاتر و قورس تر لێی بدرێت."

ویلایەتە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا، کەنەدا، بەریتانیا و ئەڵمانیا ڕۆژی سێشەممە وەک بەشێک لە گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنانە ناودێریان کرد کە وردە وردە نزیکبوونەوەیە لەو بەڵێنانەی دابویان لە سەپاندنی سزا توندەکان ئەگەر ڕووسیا زیاتر هەنگاوی دوژمنکارانە بنێت.

لیز ترۆس وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕۆژی چوارشەممە گوتی "ئێمە هێشتا داگیرکاریەکی بەرفراوانمان نەبینیوە، بەڵام ئێمە زۆر ڕاشکاوین لەو بارەیەوە کە ئەگەر سەرۆکی ڕووسیا بارگرژییەکان زیاتر بکات، ئەوا ئێمە وەک کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سزاکانمان زیاتر دەکەین."

ئوسترالیا ڕۆژی چوارشەممە ئەو سزایانەی زیاتر کرد کە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیایان بە ئامانج گرتبوو، لە کاتێکدا ژاپۆن سامانی هەندێک لەو کەسانەی سڕکرد کە ڕوسی بوون و دەرکردنی بۆندە داراییەکانی ڕووسیاشی لە ژاپۆن قەدەغەکرد.

سکات مۆریسۆن، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالی بە پەیامنێرانی گوت "ئوسترالییەکان هەمیشە لە بەرامبەر شەڕفرۆشتن دەوەستنەوە و لەگەڵ هەموو هاوبەشەکانمان لە بەرامبەر ڕووسیا دەوەستینەوە." هەروەها گوتیشی " ئەمە تەنیا دەستپێکی ئەو هەڵمەتەیە."

سوپای ئۆکرانیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند بۆمبێک لەلایەن جوداخوازەکانی ڕووسیاوە لە ناوچەی لوهانسک سەربازێکی ئۆکرانی کوشتووە و شەشی دیکەشی بریندارکردووە.

ڤۆلدەمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا فەرمانی دەرکرد بۆ گەڕاندنەوەی هەندێک لە سەربازەکان و ئاماژەی بە پێویستی خێراکردنی پێکهێنانی لەشکری نیشتیمانی کرد.

زیلینسکی لە گوتارێکی ڤیدیۆیی دا درەنگانی ڕۆژی سێشەممەدا ڕایگەیاند "ئۆکرانییەکان نەتەوەیەکی ئاشتیخوازن، ئێمە بێدەنگیمان دەوێت، بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ بێدەنگ بین، سبەینێ لەناودەچین."

پوتن کە 150 هەزار سەربازی لە سنوری ئۆکرانیا کۆکردۆتەوە و ئەو ناوچە یاخیبووانەی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بە سەربەخۆ دەزانن و فەرمانی بە ناردنی سوپای ڕوسیای کردووە، بەڵام لەسەر ئاستێکی بەرفراوان ئەم هەنگاوانە شەرمەزارکراوە.

ڕۆژی چوارشەممە پوتن ڕایگەیاند کە هەمیشە ئامادەیە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی دیپلۆماسی بەڵام گوتیشی "بەرژەوەندی ڕووسیا و ئاسایشی هاوڵاتیانمان بۆ ئێمە مایەی ڕیکەوتن و سازان نیە."

وا بڕیار بوو ئەم هەفتەیە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا و ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا قسە لەسەر قەیرانەکان بکەن و زەمینە خۆشبکەن بۆ کۆبوونەوەی نێوان پوتن و جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا. بەڵام ئەم کردەوانەی پوتن شکتیان بەو هەوڵانە هێنا و بلینکن ڕۆژی سێشەممە گوتی ئاشکرایە ڕووسیا بە تەواوەتی ڕێگەچارەی دیپلۆماسی ڕەتدەکاتەوە."

بایدن ڕۆژی سێشەممە کۆمەکی دارایی نێودەوڵەتی لە ڕووسیا بڕی و سزای بەسەر دوو بانکی گەورەدا سەپاند و کارەکانی لە ئۆکرانیا بە "پێشێلکارییەکی ئێجگار ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان" ناودێر کرد.

بایدن بە ڕوونی لە کاتی لێدوانێکی کورتدا لە کۆشکی سپی پرسیاری ئەوەی کرد "کێ بەناوی خوداوە پێیوایە پوتن مافی ئەوە بە بەخۆی دەدات دەوڵەتی نوێ لەسەر خاکی وڵاتە دراوسێکەی ڕابگەیەنێت؟"

شەرمەزارکردنەکە لە زۆرێک لە هاوپەیمانەکانی دیکەی ئەمەریکا و دامەزراوە هەمەلایەنەکانی ترەوە دەستیپێکرد، لەوانە ئەنتۆنیۆ گوترێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند: ڕێگەم بدەن با ڕاشکاوبم؛ ئەو بڕیارەی ڕووسیا سەبارەت بەوەی ئەوان پێیدەڵێن سەربەخۆیی ناوچە دیاریکراوەکانی ئێمە دۆنتسک و لوهانسک، بە ڕوونی پێشلکارییە بەرامبەر یەکگرتووی خاکی ئۆکرانیا و سەروەری ئەو وڵاتە."

هەروەها بایدن فەرمانی بە هێزی لەشکری پیادە و پشتیوانی ئاسمانی کردووە کە لە شوێنەکانی تری ئەوروپاوە لە نزیک سنوورەکانی ڕووسیا دەستبکەن بە جوڵە. گوتیشی " سەربازی زیاتری ئەمەریکا ڕەوانەی ئەو ناوچانە دەکەیەن و لە وڵاتانی بالتیک بڵاودەکرێنەوە، لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان بەرگری لە بست بە بستی خاکی ناتۆ دەکەین."

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG