Accessibility links

بەڕیتانیا سزا بەسەر پێنج بانکی ڕووسیادا دەسەپێنێت


سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن
سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن

بەڕیتانیا سزای بەسەر پێنج بانکی ڕووسی و سێ دەسەڵاتداری دەوڵەمەندی ڕووسیادا سەپاند، لەنێویشیاندا گینادی تیمچینکۆی تێدایە کە هاوپەیمانی نزیکی سەرۆکی ڕووسیایە، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن هێزی سەربازی ڕەوانەی دوو هەرێمەکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کرد.

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن وتی ڕووسیا بەرەو " ڕێگەیەکی قێزەون " دەڕوات و جیهان دەبێت خۆی بۆ قۆناغی دواتری پلانەکەی پوتن ئامادە بکات، ئاماژەی بەوەدا کرێملن پلانی داگیرکردنی بەرفراوانی ئۆکرانیای داڕشتووە.

بۆریس جۆنسن بە پەرلەمانی وڵاتەکەی وت هەریەک لە بانکەکانی ڕووسیا و ئای ئێس بانک و جێن بانک و پرۆمسڤیازبانک و بانکی دەریای ڕەش سزایان بەسەردا سەپێندراوە، سێ کەسی دیکەش سزاکان دەیانگرێتەوە، لەوانەش تیمچینکۆ و دوو براکە " ئیگۆر و بۆریس ڕۆتیبێرگ."

بەڵام سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا جارێ خۆی بە دوورگرتووە لە سەپاندنی سزا بەسەر بانکە گەورەکانی دەوڵەتی ڕووسیا و قەدەغەکردنی کۆمپانیا ڕووسیەکان و دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیا لە بەڕیتانیا.

جۆنسن لە وەڵامی داواکاندا بۆ سەپاندنی سزای قورستر وتی " زۆر گرنگە سزا توندەکان جارێ بهێڵینەوە، بزانین سەرۆک پوتن دواتر چی دەکات."

حکومەتی بەڕیتانیا وتی تیمچینکۆ بەشێکی گەورەی هەبووە لە بانکی ڕووسیا، کە ئەو بانکە ڕۆڵی هەبووە لە ناسەقامگیرکردنی ئۆکرانیادا دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 دا ڕووسیا نیمچە دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای گرتەخۆی.

حکومەتی بەڕیتانیا لە بەیاننامەیەکدا وتی " بانکی ڕووسیا پشتیوانی لە چەسپاندنی نیمچە دورگەی کرێمیا کردووە بۆ ناو فیدراسیۆنی ڕووسیا، ئەوەش لەڕێی پشتیوانیە داراییەکانیەوە دوابەدوای لەخۆگرتنی کرێمیا."

جۆنسن وتی تیمچینکۆ هاوپەیمانێکی نزیکی پوتنە، بە هەمان شێوە ڕۆتنبێرگەکانیش هاوپەیمانی نزیکی پوتنن.

لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە لە ساڵی 1991 دا، سەدان ملیاران دۆلار لە ڕووسیاوە هاتوونەتە لەندەن و ناوچەکانی دەرەوەی بەڕیتانیاوە، لەندەنیش لەنێو شارەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوادا بووەتە بژاردەی دەوڵەمەندەکانی ڕووسیا و بەرپرسەکانی دیکەی وڵاتانی پێشووی یەکێتی سۆڤیەت.

جۆنسن وتی " دەمانەوێت ڕێگە نەدەین کۆمپانیا ڕووسیەکان دەستیان بە دۆلار و ستێرلینگ بگات."

جۆنسن بڕیارەکەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵزی بۆ ڕاگرتنی پەسەندکردنی پڕۆژەی هێڵی بۆری گازی نۆرد ستریم 2 ی ڕووسی بەرز نرخاند، ئەمەش سەرەڕای پشت بەستنی ئەوروپا بە گازی ڕووسیا.

وتەبێژی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا وتی دواتر جۆنسن قسەی لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن کردووە و ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی " لەنزیکەوە پێکەوە کار بکەن بۆ سەپاندنی سزاکان بەسەر ئەو کەس و لایەنە ڕووسیانەدا کە پشتیوانی دارایی لە هەوڵە دوژمنکارییەکانی پوتن دەکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG