سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادمێر پوتن ڕۆژی شەممە پێکەوە گفتوگۆ دەکەن لە کاتێکدا وڵاتانی ڕۆژئاوا هۆشداری دەدەن ڕەنگە لە هەر ساتێکدا شەڕێک لە ئۆکرانیا دەستپێبکات.
کاربەدەستێکی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، پوتن داوای کردبوو پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان سەرۆکەکان ڕۆژی دووشەممە ئەنجام بدرێت، بەڵام بایدن ویستوویەتی زووتر ئەنجامی بدات لە کاتێکدا واشنتن زۆر بە ڕوونی شیانی زۆری هێرشێکی بۆسەر ئۆکرانیا ڕاگەیاند.
ڕۆژی شەممە وڵاتانی ئوسترالیا و نیوزیلاندییش چوونە پاڵ ئەوە وڵاتانەی داوایان لە هاووڵاتیانیان کرد ئۆکرانیا بەجێ بهێڵن پاش ئەوەی واشنتن ڕایگەیاند هێرشێکی ڕووسیا بە شیانی هێرشی ئاسمانییەوە، ڕەنگە لە هەر ساتێکدا ڕووبدات.
مۆسکۆ بە بەردەوامی بۆچوونەکانی واشنتنی لەوبارەیەوە ڕەت کردووەتەوە و دەڵێت ئەو زیاتر لە 100 هەزار سەربازەی کە لە نزیک سنووری ئۆکرانیا جێگیری کردووە بۆ پاراستنی خۆیەتی لە دژی هەر هێرشێکی هاوپەیمانانی ناتۆ.
ئانتنی بلیکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هیوای خواست پۆتین دیپلۆماسی هەڵبژێرێت بەڵام گوتیشی واشنتن سزای ئابووری دەستبەجێ دەسەپێنێت ئەگەر مۆسکۆ ئۆکرانیا داگیربکات.
پاش کۆبونەوەی لەگەڵ ڕابەرانی وڵاتانی پاسفیک لە فیجی بلینکن گوتی " بەردەوام هیوادەخوازم ئەو ڕێگای نوێکردنەوەی توندوتیژییەکان هەڵنەبژێرێت و ڕێگای دیپلۆماسی و وتووێژ هەڵبژێرێت، بەڵام ئەگەر وابێت ئەوا ئێمەش ئامادەین."