Accessibility links

ڕووسیا مەشقی سەربازیی ئەنجام دەدات و ڕۆژئاواش هۆشداری دەدات لەسەر " ساتێکی مەترسیدار "


بەڕیتانیا دەڵێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەکرێت ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی " ساتێکی زۆر مەترسیدار " ببێتەوە لە کێشەکانیدا لەگەڵ مۆسکۆ، ئەمەش لەکاتێکدا ڕووسیا و بێلاڕووس مەشقێکی سەربازیی بەرفراوانیان لە دەریای ڕەشدا دەستپێکرد.

لەلایەکی دیکەشەوە ئۆکرانیاش بە هەمان شێوە دەستیکرد بە مەشقە سەربازییەکانی خۆی، بەڵام ڕابەرانی سەرجەم لایەنەکان هیوایان خواست ڕێگەی دیبلۆماتی سەربکەوێت.

لە هەوڵێکی نوێی دیبلۆماتیدا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ڕۆژئاوا و ڕووسیا لەسەر ئۆکرانیا، وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا و هاوتا ڕووسییەکەی لە مۆسکۆ کۆبوونەوە و گرژیی کەوتە کۆبوونەوەکەیانەوە، هاوکات جۆنسن سەردانی هاوپەیمانێتی ناتۆی کرد لە بڕۆکسل و وابڕیاریش بوو بەرپرسانی ڕووسیا و ئۆکرانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کۆببنەوە و تاوتوێی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بکەن.

ڕووسیا زیاتر لە 100,000 سەربازی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە و ڕەتی دەکاتەوە پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەبێت. هاوکات کۆمەڵێک داواکاری ئاڕاستەی ڕۆژئاوا کردووە و دەڵێت ئەگەر داواکارییەکانی جێبەجێ نەکرێن ئەوا " ڕێوشوێنێکی تەکنیکی سەربازیی " نادیاریکراو دەگرێتەبەر.

جۆنسن لەمیانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگدا وتی " بەڕاستی بڕوا ناکەم هێشتا مۆسکۆ بڕیاری لەسەر ئەوە دابێت هێرش بکات یاخود نا. بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە کە مەحاڵ بێت شتێکی زۆر ڕووخێنەر بەمزووانە ڕوونەدات."

وتیشی " پێم وایە ئەمە گەورەترین قەیرانی ئاسایشە کە ڕووبەڕووی ئەوروپا بۆتەوە و چەند ڕۆژی داهاتوو مەترسیدارترین سات دەبن. ئێمەش دەبێت ئامادە بین."

لەلای خۆیەوە سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ وتی ساتێکی مەترسیدارە بۆ ئاسایشی ئەوروپا، وتیشی " ژمارەی هێزەکانی ڕووسیا لە زیادبووندایە. کاتی هۆشداریدانیش لەسەر ئەگەری ڕوودانی هێرش کەم بۆتەوە."

ئۆکرانیاش ڕەخنەی لە مەشقە سەربازییە دەریاییەکەی ڕووسیا گرت و وتی " هاتوچۆی لە دەریای ڕەش و دەریا ئازۆڤدا زۆر قورس کردووە."
وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ئۆلێکسی ڕێزنیکۆڤ داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد وەکو تۆڵەسەندنەوەیەک ڕێوشوێنی سزادانی ڕووسیا بگرنەبەر، لەوانەش کۆتوبەند خستنەسەر کەشتیەکانی لە بەندەرەکاندا.

وتی " ئێستا پێشبینی کاردانەوەیەکی یەکگرتوو دەکەین، کاتێک کەشتیە ڕووسییەکان ناتوانن لە بەندەرەکانی جیهاندا لەنگەر بگرن، ئەو کاتە ڕووسیا لە باجی کەمتەرخەمییەکەی تێدەگات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG