Accessibility links

ئەمەریکا داوای دەرچوون لە کارمەندانی ئاسایی باڵیۆزخانەکەی لە ئۆکرانیا دەکات


ئەمەریکا ڕۆژی شەممە فەرمانی دا هەموو کارمەندانی ئاسایی لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کیێڤ دەربچن بەهۆی هەڕەشەکانی داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیاندنێکدا فەرمانی دەرچوونی بە زۆربەی ئەو کارمەندانە داوە کە ڕاستەوخۆ لەلایەن باڵیۆزخانەی کیێڤەوە وەرگیراون، ئەمەش بەهۆی بەردەوامی هەرەشەکانی هێرشی لەشکری ڕووسیا.

ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر ئەمەریکا داوای لە هاووڵاتیانی لە ئۆکرانیا کردبوو " بەهۆی زیادبوونی هەڕەشەکانی کردەوەی سەربازیی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا " دەستبەجێ ئەو وڵاتە جێبهێڵن.



وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە تویتێکدا ڕاگەیاندنێکی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی جەیک سولەیڤانی بڵاو کردەوە کە تیادا دەڵێت " داوا لە هەموو ئەو هاووڵاتیانەی ئەمەریکا دەکەین کە ئۆکرانیا ماونەتەوە، دەستبەجێ لەو وڵاتە دەربچن. دەمانەوێت لە ئێستادا زۆر ڕوون بین- هەر ئەمەریکاییەک کە لە ئۆکرانیا ماوەتەوە پێویستە بە زووترین کات و لەماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو لەو وڵاتە دەربچێت."

ڕووسیا ڕەتی دەکاتەوە پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەبێت، هاوکات زیاتر لە 100,000 سەربازی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە و سەرباز و کەلوپەلی سەربازیی ڕەوانەی بێلاڕووسیش کردووە و مەشقی سەربازیی هاوبەش لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ئەنجام دەدات.

XS
SM
MD
LG