Accessibility links

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا هۆشداری دەداتە ڕووسیا


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز هۆشداریدایە ڕووسیا لەسەر ئەوەی ئەگەر هەر دوژمنکارییەکی سەربازیی زیاتر بەرامبەر ئۆکرانیا ئەنجام بدات ئەوا ڕووبەڕووی دەرەنجامێکی " مەترسیداری " ئابووری و سیاسیی دەبێتەوە، ئاماژەشی بەوەدا ئەڵمانیا و هاوپەیمانەکانی ئامادەن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ مۆسکۆدا و ئاشتییان دەوێت.

لەکاتێکدا ڕووسیا مەشقی سەربازیی لە بێلاڕووس و دەریای ڕەش ئەنجام دەدات و نیگەرانییەکان سەبارەت بە هەڵگیرسانی جەنگ لە ئەوروپا زیاتر بوون، نرخەکانی سوتەمەنی لە ئەوروپا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادییانکرد، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەوروپا لەڕووی گازەوە پشت بە ڕووسیا دەبەستێت.

شۆڵز لەمیانەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڕابەرانی وڵاتانی باڵتیکدا وتی " لە ئێستادا دەبێت ڕێگە لە هەڵگیرسانی جەنگ بگرین لە ئەوروپا، ئاشتیمان دەوێت."

وتیشی " دوژمنکاری زیاتری ڕووسیا بەرامبەر ئۆکرانیا دەرەنجامی مەترسیداری سیاسیی و ئابووری و ستراتیژی بۆ سەر ڕووسیا دەبێت، هاوکات ئامادەین بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی جددی لەگەڵ ڕووسیادا، گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکانی ئاسایشی ئەوروپا."

شۆڵز لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک وەزیری ئیستۆنیا کاجا کالاس و سەرۆکی لیتوانیا گیتاناس ناوسیدا و سەرۆک وەزیری لاتیڤیا کریسیانیس کارینسدا کۆبۆوە، ئەو وڵاتانەش دەیانەوێت ئەڵمانیا ڕۆڵێکی زیاتری هەبێت لە هەوڵەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆدا بۆ پتەوکردنی بەرگریی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا دژی ڕووسیا.

کالاس وتی " سەنگمان خستۆتەسەر پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا، کەمکردنەوەی گرژییەکان نابێت لەسەر حسابی ئۆکرانیا بێت."

سەرۆک وەزیری لاتیڤیا کارینس داوای لە ئەڵمانیا کرد " لە ساتە سەختەکاندا ڕۆڵێکی ڕابەر ببینێت لە یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانێتی ناتۆدا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG