Accessibility links

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا و هاوتا ڕووسیەکەی لە مۆسکۆ کۆبوونەوە


وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگەی لاڤرۆڤ، مۆسکۆ، ڕووسیا
وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگەی لاڤرۆڤ، مۆسکۆ، ڕووسیا

ڕۆژی پێنجشەممە بەڕیتانیا داوای لە ڕووسیا کرد ئاڕاستەی " دیبلۆماتی " بگرێتەبەر بەشێوەیەک بەدووربێت لە ململانێ و خوێنڕشتن، هاوکات " هۆشداریشدای لەسەر هەر دوژمنکارییەکی ڕووسی دژی سەروەری ئۆکرانیا."

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس سەردانی ڕووسیای کرد و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگەی لاڤرۆڤدا کۆبۆوە، تڕەس وتی " جەنگ لە ئۆکرانیا کارەسات دەبێت بۆ ڕووسیا و گەلی ئۆکرانیا و ئاسایشی ئەوروپا، هاوپەیمانێتی ناتۆ بە ڕوون و ئاشکرا دەڵێت هەر هێرشێک بۆ ناو ئۆکرانیا دەرەنجامی گەورە و باجێکی قورسی دەبێت."

وڵاتانی ڕۆژئاوا داوایان لە ڕووسیا کردووە هەنگاو بگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی سەر سنووری ئۆکرانیا و ڕووسیا، لەکاتێکدا ڕووسیا زیاتر لە 100,000 سەربازی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە و مەشقی سەربازیی لە بێلاڕووس و دەریای ڕەشدا ئەنجام دەدات.

ئۆکرانیاش بە هەمان شێوە مەشقە سەربازییەکانی خۆی دەستپێکرد. مەشقەکانی هەردوولا تاوەکو 20 ی مانگی دوو بەردەوام دەبن.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگەی لاڤرۆڤ وتی " تەنها گفتوگۆیەک کە ڕێزگرتنێکی هاوبەشی تێدابێت " دەکرێت ببێتە هۆی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان.

لاڤرۆڤ وتی " هەوڵی فیکری و دوا ئاگاداری و هەڕەشەکردن... ئەمانە هیچ سوودێکیان نیە."

لاڤرۆڤ دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ تڕەس وتی کۆبوونەوەکەیان وەکو گفتوگۆی نێوان دوو کەس بووە کە یەکێکیان نابیستێ و ئەوی دیکەیان ناتوانێت قسە بکات.

وتی " دەڵێن ڕووسیا چاوەڕێ دەکات تاوەکو خاکەکە بەتەواوەتی دەیبەستێ و وەکو بەردی لێدێت تاوەکو تانکەکانی بە ئاسانی بچنە ناو خاکی ئۆکرانیاوە. پێم وایە گفتوگۆکانی ئەمڕۆشمان لەگەڵ هاوەڵە بەڕیتانیەکانمان وەکو ئەو خاکە بەستووە وابوو چونکە هەرچیەکمان دەووت دەخلیسکا."

لەلای خۆیەوە تڕەس وتی " هیچ هۆکارێکی دیکە نابینم بۆ جێگیرکردنی 100,000 سەرباز لەسەر سنوورەکە جگە لە هەڕەشەکردن لە ئۆکرانیا نەبێت. ئەگەر ڕووسیا جددی بێت لە ڕێگەی دیبلۆماتی، پێویستە ئەو هێزانە لەسەر سنوورەکە لاببات و دووربکەونەوە لە هەڕەشەکان."
لاڤرۆڤ وتی جێی داخە ڕووسیا داوای لێکراوە هێزەکانی لەسەر خاکی خۆی بکشێنێتەوە.

ڕۆژنامەی کۆمەرسانت لە زاری دوو سەرچاوەی دیبلۆماتییەوە بڵاویکردەوە لاڤرۆڤ لەمیانەی کۆبوونەوە داخراوەکەیاندا لە تڕەسی پرسیوە ئایا دان دەنێت بە سەروەری ڕووسیادا بەسەر هەرێمەکانی ڕۆستۆڤ و ڤۆرۆنیژدا، کە دوو هەرێمن لە باشووری ڕووسیا و هێزەکانی ڕووسیایان تێدا جێگیرکراوە.

کۆمەرسانت وتی تڕەس لە وەڵامدا وتوویەتی بەڕیتانیا هەرگیز ئەو هەرێمانە بە خاکی ڕووسیا نازانێت، بەڵام دواتر باڵیۆزی بەڕیتانیا لە ڕووسیا هەڵەکەی بۆ ڕاستکردۆتەوە.

دواتر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی دیکەی ڕووسیدا بە ناوی ئاڕ بی سی، تڕەس وتی هەڵە بووە و وایزانیوە لاڤرۆڤ باس ناوچەکانی ئۆکرانیا دەکات.

تڕەس وتی " هیچ کەس ئاسایشی ڕووسیای نەکردۆتە مەترسییەوە، ئەوە ڕاست نیە." ئاماژەشی بەوەدا " زۆر گونجاوە " ئۆکرانیا بەرگری لە خۆی بکات و هەوڵی پەیداکردنی هاوپەیمانێتی بدات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG