بەلایەنی کەم 16 تەرمی ئەو کۆچبەرە کوردانەی کە لە مانگی یازدە لە هەوڵێکیاندا بۆ پەڕینەوە لە کەناڵی ئینگلیز بەلەمەکەیان نوقم بوو، ڕۆژی یەکشەممە گەیشتەوە هەرێمی کوردستانی عێراق.
کارەساتەکەی 24 ی مانگی یازدە، کە تیایدا 27 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا، خراپترین ڕووداوی ئەو کۆچبەرانە بوو کە هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی ئەو کەناڵەوە لە فەرەنساوە بپەڕێنەوە بۆ بەریتانیا.
ئەو فڕۆکەیەی تەرمەکانی هەڵگرتبوو بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە فڕۆکەخانەی هەولێر. لەوێوە تەرمەکان گوازرانەوە بۆ شوێنی لە دایکبوونی ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەستدابوو.
شوکریە بەکر دایکی یەکێک لە قوربانییەکان بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند " دواجار کە گوێم لە دەنگی کوڕەکەم بوو ئەو کاتەبوو کە دەڕۆشتە نێو بەلەمەکە. ئەو پێی گوتم 'خەمت نەبێت دایە، زوو دەگەمە بەریتانیا' ئێستا تەرمەکەی هاتەوەلام."
لە دە ساڵی ڕابردوودا بە سەدان هەزار کەس بە یارمەتی قاچاخچیەکان بەهۆی ململانێ و چەوسانەوە و هەژاری لە عێراق، سوریا، ئەفغانستان، یەمەن و سودان و شوێنەکانی دیکەی جیهانەوە کۆچیان کردووە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا کە ئابورییەکی بەهێزی هەیە. بەڵام ژمارەیەکی کەم لەوانە لەو وڵاتانە وەکو پەنابەر وەرگیراون.
لەو کاتەوەی لە ساڵی 2017 گروپی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق شکستی پێهێنراوە، شەڕێکی ئەوتۆ لە وڵاتەکەدا نییە. بەڵام بەهۆی نەبوونی دەرفەتەکان و خزمەگوزاری سەرەتایی ژیان و هەروەها سیستمی سیاسی ئەو وڵاتە کە زۆربەی عێراقییەکان دەڵین سیستمێکی گەندەڵە، خەڵکێکی زۆر دەرفەتی ژیانێکی لە وڵاتەکەی خۆیاندا نابینن.