Accessibility links

ئەمەریکا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ پێشوازی کردن لەو ئەفغانیانەی کە ژیانیان لە مەترسیدایە


ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێتڕاستەوخۆ لەگەڵ تاڵیبان لە پەیوەندیدایە بۆ مسۆگەرکردنی ڕێڕەوێکی پارێزراو بۆ هەمو ئەوانەی کە هەوڵ دەدەن بگەن بە فڕۆکەخانەی کابوڵ.

هەروەها ئەمەریکا پەیوەندی بە دەیان وڵاتی جیهانیشەوە دەکات تا ئەو ئەفغانیانە وەربگرن کە ژیانیان لە مەترسیدایە لە کاتێکدا هەوڵەکانی دەرکردنی ئەمەریکاییەکان، دیپلۆماتان و ئەو ئەفغانیانەی داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن خێراتر دەکات.

جێگری وەزیری دەرەوە وێندی شێرمەن ڕایگەیاند " تیمی ئێمە لە دۆحا و هاوبەشە لەشکرییەکانمان لە کابوڵ ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاڵیباندا پەیوەندی دەکەن تا ڕوونی بکەنەوە کە ئێمە چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەکەین ڕێگەبدەن بە هەموو هاووڵاتیانی ئەمەریکایی، هەموو هاووڵاتیانی وڵاتانی تر و هەموو ئەو ئەفغانیانەی کە دەخوازن دەربچن تا بەسەلامەت و بەبێ هیچ هەراسانکردنێک بڕۆن."

شێرمەن ئەم قسانەی ڕۆژی چوارشەممە لە دەمی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کرد هاوکاتی ئەو ڕاپۆرتانەی کە دەڵێن تاڵیبان ڕێگری لە چوونی ئەفغانییەکان بۆ فڕۆکەخانەی کابوڵ کردووە. لە هەمانکاتیشدا باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان هۆشدارییەکی ڕاگەیاند و دەڵێت " ناتوانێت ڕێڕەوێکی پارێزراو بۆ چوون بۆ فڕۆکەخانە مسۆگەر بکات."

بە پێی وتەکانی کاربەدەستێکی کۆشکی سپی لەو کاتەوەی تاڵیبان کابوڵی کۆنترۆڵکرد هەتاشەوی چوارشەممە نزیکەی شەش هەزار کەس لەوێ گوازراونەتەوە.

شێرمەن گوتی " لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا گەشتە ئاسمانییەکانی لەشکری ئەمەریکا نزیکەی 2 هەزار کەس زیاتریان گوازتووەتەوە. لە ماوەی چەندڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە 4 هەزار و 840 کەس گوازراونەتەوە."

بەپێی وەزارەتی دەرەوە، دوو هەزار داواکاری ڤیزای کۆچبەری تایبەتی ئەفغانی (SIV) لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا گوازراونەتەوە بۆ ئەمەریکا.

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ جۆرج ستێفنئاپڵس لە کەناڵی ABC News گوتی سەربازانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان دەمێننەوە هەتا ئەو کاتەی هەموو ئەمەریکاییەکان لە ئەفغانستان دەگوازرێنەوە تەنانەت ئەگەر لە دوا وادەی 31ی هەشتیش تێپەڕ بێت.

بایدن گوتیشی " ئێمە لەوێ دەمێنینەوە هەتا هەمویان لەوێ دەردەکەین."

بەڵام لە کاتێکدا دوا مۆڵەتی ‌هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان نزیک دەبێتەوە پەیوەندی دیپلۆماسی واشنتن لە کابوڵ ناڕوونە.

وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، کە ئێستا گوازراوەتەوە بۆ ناو فڕۆکەخانەی کابوڵ بەردەوام دەبێت لە کارەکان " هەتا ئەو کاتەی بتوانێت."

نێد پرایس گووتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە لە لێدوانێکدا گوتی " ڕاستی بابەتەکە ئەوەیە، ئێمە تا ئەو ئاستەی کە بتوانین کارەکان دەکەین. ئەگەر ماوەکە دوو هەفتە بێت، ئێمە زۆربەی ئەو ماوەیە کارەکان بەڕێوە دەبەین."

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ هۆشداری لەمەڕ شیانی سەرهەڵدانی قەیرانی پەنابەران دەدەن.

گروپەکانی مافی پەنابەران و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تر داوا لە ئەمەریکا دەکەن پابەند بێت بە نیشتەجێکردنی نزیکەی 2 سەد هەزار پەنابەری ئەفغانی.

ئیرۆڵ یایبۆک بەڕیوەبەریپڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی لە نێوەندی ستراتیژی و لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەیی لە واشنتن دەڵێت " کەوتنی ئەفغانستان لەبەرامبەر تاڵیبان ڕەنگە ببێتە هۆی دروستکردنی قەیرانی پەنابەران، و ئاوارەکردنی زۆرەملێ، قەیران لە وڵاتێک کە خۆی لە خۆیدا پێویستی بە هاوکاری مرۆیی هەیەو پێشوەچوونەکانی هەستیارە. مەگەر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو وەڵامێکی باشیان بۆ ئەم قەیرانی پەنابەرانە هەبێت ئەگینا ئاوارەبوونی ملیۆنان ئەفغانی لە ساڵی 2021 دەشێت بە شێوەیەک بێت قەیرانەکەی ساڵی 2015 بیر بباتەوە."

گوتەبێژێکی کۆشکی سپی ڕایگەیاند سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە سەرۆک جۆو بایدن و جێگری سەرۆک کامڵا هێرس لەلایەن تیمی ڕاوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ئاگادار کراونەتەوە لە ڕەوشی پەنابەران لە ئەفغانستان. ئەو گووتیشی ئەوان باسیان لە هەوڵەکان بۆ خێراکردنی گواستنەویە هاووڵاتیانی ئەمەریکا، ئەو ئەفغانیانە کردووە کە ڤیزای تایبەتیان پێ دەدرێت.

لەلایەکی تریشیەوە کۆشکی سپی دەڵێت سەرۆک بایدن لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێڵا میركڵ قسەی کردووە لەسەر " پێویستی هەمئاهەنگی نزیک لەسەر هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەو ئەفغانیانەی کە لەمەترسیدان و هەروەها پشتیوانیکرن لە وڵاتانی دراوسێش."

کۆشکی سپی گوتی ئەمەریکا، ئەڵمانیا و بەریتانیا ڕێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی کۆبونەوەی ئۆنلاینی ڕێبەرانی گروپی حەوت لە هەفتەی داهاتوودا بۆ تاوتوێکردنی " ڕێگەچارەکان و ستراتیژی هاوبەش."

ڕۆژی سێشەممەش وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی هاپەیمانی ئەمەریکا، لە ناویاندا کەنەدا، کویەت و قەتەر تاوتوێی ڕەوشی ئەفغانستانی کرد و هەروەها باسی لەو هەوڵانەش کرد کە چۆن ئەو ئەفغانیانەی کە ژیانیان لەمەترسیدایە لە وڵاتەکەدا بە پارێزراوی بگوازرێنە.

لە کاتێکدا ئەمەریکا بەردەوامە لە گواستنەوەی ئەمەریکاییەکان و دیپلۆماتان کویەت و قەتەر دەڵێن ئەوانیش هەوڵەکان بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیانی ئەمەریکا و کارمەندانی باڵیۆزخانە لە وڵاتەکانیان خێراتر دەکەن.

کەنەداش هاوکاری دەکات لە پێشوازی کردن لەو ئەفغانیانەی کە ژیانیان لە مەترسیدایە.

XS
SM
MD
LG