سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی هێزەکانی ئەمەریکا پێدەچێت دوای 31 ی مانگی هەشتیش لە ئەفغانستان بمێننەوە بۆ گواستنەوەی ئەمەریکیەکان، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاش وتی لە ئێستادا هێزەکانی ئەمەریکا ناتوانن بگەنە خەڵکەکە لە دەرەوەی فڕۆکەخانەکە.
بایدن بە تۆڕی هەواڵی ئەی بی سی وت " هەتاوەکو هاوڵاتیانی ئەمەریکی لەوێ مابێتنەوە، ئێمە لەوێ دەمێنینەوە تاوەکو هەموویان دەگوازینەوە."
بایدن ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بۆتەوە لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردنی لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکادا، بەڵام بەرگری لە بڕیارەکەی کردووە بۆ کشاندنەوەی هێزەکان.
وتی " شتەکە ئەوەیە ڕێگایەک هەیە بۆ هاتنە دەرەوە بەبێ ئەوەی بێسەروبەری دروست ببێت، نازانم چۆن ئەوە ڕوودەدات."
وتیشی تاڵیبان لە ئێستادا هاریکاری دەکات بۆ یارمەتیدان لە هێنانە دەرەوەی ئەمەریکیەکان بۆ دەرەوەی ئەفغانستان، بەڵام " ڕووبەڕووی قورسایی زیاتر بووینەتەوە لە گواستنەوەی ئەو ئەفغانیانەی هاوپەیمانی ئەمەریکیەکانن."
جێی ئاماژەیە خێرایی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە لەکاتێکدا کە هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا دەکشانەوە، بووە هۆی بێسەروبەری لە فڕۆکەخانەی کابوڵ، ئەوەش دوای ئەوەی دیبلۆماتکاران و هاوڵاتیانی بیانی و ئەفغانیەکان بەخێرایی هەوڵیاندا بگەنە فڕۆکەخانەکە. بەڵام هەندێکیان بەهۆی خاڵە پشکنینەکانی چەکدارانی تاڵیبانەوە لە کابوڵ ناتوانن بگەنە فڕۆکەخانەکە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز