تاڵیبان " لێبوردنی گشتی " لە سەرانسەری ئەفغانستاندا ڕاگەیاند و داوای لە ئافرەتان کرد بەشداری لە حکومەتەکەیاندا بکەن، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ ڕازیکردنی هاوڵاتیانی نیگەرانی ئەفغانستان لەسەر ئەوەی تاڵیبان گۆڕاوە.
دوابەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی سەرانسەری ئەفغانستان، تاڵیبان هەوڵیداوە وێنەیەکی نوێ پیشان بدات جیاواز لەوەی پێشتر، بەڵام زۆرێک لە ئەفغانیەکان هێشتا دوودڵن.
نەوەکانی پێشوو فەرمانڕەوایی تاڵیبانیان لەبیرە، کە کۆتوبەندی توندی خستبووە سەر ئافرەتان و هەروەها بەردباران کردن و دەستبڕین و لە سێدارەدان باو بوون، ئەمانەش بەرلەوەی لە ساڵی 2001 دا ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لەسەر دەسەڵات دووریبخەنەوە.
لەکاتێکدا تاڵیبان ئێستا لە کابوڵدایە، زۆرێک لە ماڵەکانیان ماونەتەوە و دەترسن، زیندانیەکان بەتاڵکراون و کۆگای چەکەکان تاڵانکراون. زۆرێک لە ئافرەتان لەوە دەترسن ئەزموونی 20 ساڵی فراوانکردنی مافەکانیان لەژێر فەرمانڕەوایی تاڵیباندا نەمێنێت.
بەڵێنەکانی ئەندامی کۆمسیۆنی کلتوری تاڵیبان ئیناموڵا سامانگانی بۆ دەرکردنی لێبووردنی گشتی، یەکەمین لێدوان بوون لەسەر ئەوەی چۆن تاڵیبان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی فەرمانڕەوایی وڵاتەکە دەکات، بەڵام ئێستا تاڵیبان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ سیاسیەکانی حکومەتە ڕووخاوەکەی ئەفغانستاندا و تاوەکو ئێستا هیچ ڕادەستکردنێکی فەڕمی دەسەڵات ڕانەگەیەندراوە.
سامانگانی وتی " ئیماڕاتی ئیسلامی نایەوێت ئافرەتان ببنە قوربانی، بەپێی یاسای شەریعە دەبێت لە پێکهاتەی حکومەتدا بن."
وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆبەرت کۆلڤیڵ وتی " ئەم جۆرە بەڵێنانە دەبێت بەرز ڕابگیرێن، بۆ ئێستا، بەلەبەرچاوگرتنی ڕابردوویان، ئەم جۆرە ڕاگەیاندنانە بە دودڵییەوە پێشوازییان لێکراوە، پەرەسەندنێکی باش کراوە لە مافەکانی مرۆڤدا لەم بیست ساڵەی ڕابردوودا، دەبێت بەرگری لە مافی سەرجەم هاوڵاتیانی ئەفغانستان بکرێت."
سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس