Accessibility links

سەرۆک بایدن: ڕێبەرانی سیاسی ئەفغانستان دەستبەرداری وڵاتەکەیان بوون و هەڵهاتن


سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت جێی داخە ئەوەی لە ئەفغانستان ڕوو دەدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە بڕیاری کشانەوەکەی پەشیمان نیـیە، دەشڵێت ڕێبەرانی سیاسی ئەفغانستان دەستبەرداری وڵاتەکەیان بوون و هەڵهاتن وە بەوەش لەشکری ئەفغانی هەرەسی هێنا.

سەرۆک جۆو بایدن ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆشکی سپـی وتارێکی لە بارەی ئەفغانستانەوە پـێشکەش کرد و جارێکی دیکە جەختیکردەوە کە بڕیارەکەی بۆ کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە بڕیارێکی ڕاست بووە.

سەرۆک بایدن گوتی ناکرێت سەربازی ئەمەریکایی بەرگری لە ئەفغانستان بکات و خۆی بە کوشت بدات، بەڵام لەشکری ئەفغانی ئامادە نەبێت بەرگری لە خۆشی بکات. گوتیشی ئەمەریکا بە ملیاران دۆلاری لە ئەفغانستان خەرج کرد و مەشق و ڕاهێنان و چەک و موچەی بۆ 300 هەزار سەرباز و پـۆلیس و هێزی ئاسایشی ئەفغانی دابینکرد. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد وڵات هەیە ئەندامی ناتۆیە ئەو هێزەی نیـیە.

سەرۆک بایدن گوتیشی هەموو شتێکیان بۆ هێزەکانی ئەفغانستان دابینکردبوو، تەنانەت هێزی ئاسمانیش کە تاڵیبان نیـیەتی، بەڵام گوتی ئەوەی لە توانای ئەمەریکادا نەبوو بۆ ئەو هێزانەی دابینبکات، خواستی بەرگریکردن بووە لە ئەفغانستان. بۆیە ئەگەر هێزەکانی ئەمەریکا بۆ چەندان ساڵی دیکەش لە ئەفغانستاندا بمانایەتەوە هیچ لەمەی ئێستا نەدەگۆڕا.

بایدن باسی لەوەش کرد کاتێک لە مانگی شەشدا میوانداری هەردوو سەرکردەی ئەفغانی شەرەف غەنی و عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا کردبوو، ئامۆژگاری کردوون کە دەبێت خۆیان بۆ دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا ئامادەبکەن و گەندەڵی نەهێڵن و حکومەتی ئەفغانی بۆ میلـلەتەکەی کاربکات و پاشان حزبە سیاسیـیەکان خۆیان یەک ڕیز بکەن، بەڵام لە هەموو ئەمانە شکستیان هێنا.

سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی تەنانەت لە ئەشرەف غەنی خواستووە بە ڕێکەوتنێک لەگەڵ تاڵیباندا بگەن، بەڵام ئەشرەف غەنی ڕەتیکردووەتەوە و سووربووە لەسەر ئەوەی هێزەکانی ئەفغانستان بەرگری دەکەن و ڕووبەڕووی تاڵیبان دەبنەوە.

سەرۆک بایدن لە درێژەی وتارەکەیدا گوتی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پـشتیوانیکردنی خەڵکی ئەفغانستان و لە ڕێی دیپـلۆماسی و یارمەتی مرۆیی وەک ئەوەی لە سەرانسەری جیهاندا ئەنجامی دەدەین. جەختیشی کردەوە مافی مرۆڤ لە کرۆکی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادایە.

بایدن گوتیشی لە ئێستادا نزیکەی 6 هەزار سەربازی ئەمەریکایی لە ئەفغانستان دەبن بۆ یارمەتیدان لە گواستنەوەی ئەمەریکایـیەکان و هاوپەیمانەکانمان و ئەفغانیـیە بێ دەسەڵاتەکان.

باسی لەوەش کرد کە تاڵیبانیان ئاگادارکردووەتەوە لەوەی ئەگەربێت و هێرش بکەنە سەر هێزەکانمان یان کۆسپ بخەنە بەردەم کارەکانمان ئەوا زۆر بە توندی وەڵامیان دەدەینەوە.

دەقی ڕاستەوخۆی وەرگێڕانی وتارەکە بە زمانی کوردی:

XS
SM
MD
LG