Accessibility links

 وڵاتانی کەنداو توڕەیی بەرامبەر ئیسرائیل دەردەبڕن


ئەو شەڕەی لە کەرتی غەززە بەردەوامە دەنگی ناڕەزایی لە سەرانسەری وڵاتانی کەنداوی عەرەبەوە لێکەوتووەتەوە کە زۆر بە توندی ڕەخنە لە ئیسرائیل دەگرن و پشتیوانییەکی زۆریش لە فەلەستینییەکان دەکەن.

دژایەتی ئاشکرای ئیسرائیل، لە ناڕەزاییەکانی سەر شەقام، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە ستوونی رۆژنامەکاندا تەنها چەند مانگێک پاش واژۆکردنی ڕێککەوتنەکانە بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلداهەوڵەکانی حکومەتەکان ئاڵۆزتر دەکات بۆ قائیلکردنی هاووڵاتیانی عەرەب بۆ پشتیوانی کردن لەو ڕێککەوتنانە.

شیکەرەوان دەڵێن ناکۆکییەکە دەبێتە گرفت لەبەردەم هەوڵەکانی ئیسرائیلیش بۆ مسۆگەرکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی تری عەرەبی وەکو عەرەبستانی سعودیەدا.

ئەم ڕەخنانە تەنها حکومەتی ئەو وڵاتە عەرەبیانەی لەگەڵ هاووڵاتیانی خۆیاندا نەکردووەتە گرفتەوە کە ڕێککەوتنیان لەگەڵ ئیسرائیلدا واژۆ کردووە، بەڵکوئەوەش دەسەلمێنێت کە دۆزی فەلەستینییەکان بەردوام گرنگی هەیە بۆ خەڵکی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

عەبدولخالق عەبدوڵا، شیکەرەوەی سیاسی ئیماراتی دەڵێت "گرنگ نییە ئەولەویاتی نەتەوەییتان لە ئێستادا چییە یان ئەولەویەتی هەرێمی لە ئێستادا، کاتێک شتی لەم جۆرە ڕوودەدات، کێشەی فەلەستین دەگەڕێتەوە و لێت دەدات."

هێشتا ئەو داواکارییە ئاشکرایانەی بۆ مافی فەلەستینییەکان و مەحکومکردنی ئیسرائیل کە لە لایەن ژمارەیەکی بێشومار لە هاوڵاتیانی عەرەبی کەنداو دەنگی دایەوە ، تا ئاستێکی زۆر لەگەڵ بەیانانمەکانی حکومەتەکانیان دەگونجێت کە هەمویان بە جۆرێک لە جۆرەکانیان ئیدانەی ئەو توندوتیژییەیان کردووە.

هەنێکیان توندتر بوون لە هەندێکی تریان، عەبدوڵا دەڵێت خوازیاربوو بەیاننامەکەی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات) کە داوا " لە هەموو لایەنەکان" دەکات شەڕ ڕابگرن، توندتربوایەو ‌ئیسرائیلی وەکو دەستدرێژیکەر ناودێر بکردایە.

هاووڵاتیانی وڵاتانی کەنداو بەربەرەکانی هەڵوێستە فەرمییەکانی حکومەتەکانیان دەکەن بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیلدا.

لە بەحرەین گروپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی نامەیەکیان واژۆ کردووە و تیایدا داوا لە حکومەت دەکەن باڵیۆزی ئیسرائیل لە وڵاتەکەدا دەربکات. لە کەوەیت خۆپیشاندەران دوو ڕێپێوانیان ئەنجام داوەو داوای ڕێگەدان بە خۆپیشاندانی تر دەکەن. لە قەتەر حکومەت ڕێگەی دا سەدان خۆپیشاندەر لە ڕۆژانی کۆتایی هەفتەدا خۆپیشاندان ئەنجام بدەن لە کاتێکدا ڕێبەری باڵای حەماس وتاری پێشکەش کرد. لە ئیمارات هەندێک بە ئاشکرا وێنەی جامانەی فەلەستینییەکانیان لە ئینستگرام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تر داناوە لەگەڵ هاشتاگی پشتیوانیکردن لە فەلەستینییەکان.

ساڵی ڕابردوو ئیمارات بوو بە یەکەم وڵاتی عەرەبی لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەدا پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیلدا دروست بکات، دوای میسر و ئوردن لە ساڵانی 1979 و 1994 .

هەنگاوەکەی ئیمارات ڕێگەی بۆ سێ وڵاتی تر بەحرەین، سودان و مەغربیش خۆش کرد هەمان هەنگاو بنێن و پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیلدا دروست بکەن.

هەر پاش ئەوەی کە ئیمارات لە مانگی نۆی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە، کۆمەڵێک دەنگو ولێداونی حکومەت هاتە ئاراوە کە ڕێککەوتنەکەیان وەکو قۆناغێکی نوێی ئاشتی، یەکتر قبوڵکردنی ئاینی و ئاسایش بۆ هەرێمەکە لێکدایەوە. لەناو ڕای گشتی ئیماراتدا کەم تا زۆر هیچ کاردانەوەیەکی بەرچاو نەبوو کاتێک حکومەتەکەیان پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگەیاند .

عەبدوڵا دەڵێت " ئەو پشتیوانیانەی کە لە سەرەتای ڕاگەیاندنی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیمارات لەگەڵ ئیسرائیل بینیمان، پێم وابێت ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە زۆرینەی کۆمەڵگەی ئیماراتی پشتیوانی حکومەتەکەیان دەکەن. ئەوە نیشاندانی پشتیوانی بوو بۆ حکومەتەکەیان نەک بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیەوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا."

میرا ئەلحسێن، کاندیدی دکتۆرای ئیماراتی لە زانکۆی کامبریج، ڕایگەیاند، کە ئیماراتییەکان هەست بە گرنگیپێدانیان لەلایەن حکومەتەکەیانەوە دەکەن و پێیان وایە تۆڕی سەلامەتی کۆمەڵایەتی بەهێز بۆ هاوڵاتیان دابین دەکات. بەڵام دەشڵێت " ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئێمە ئاسودەبین بەو شتانەی لە دەورەبەرمان ڕوودەدەن."

لەو کاتەوەی ئەم شەڕە هەڵگیرساوە شێوازی تویتەرەکەی بۆ پشتیوانی کردنی فەلەستینییەکان گۆڕیوە و ڕەخنە لە ڕێبازەکانی ئیسرائیل دەگرێت و تیشک دەخاتە سەر دڕندایەتی شەڕەکە. لەسەر ڕێککەوتنی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیلدا دەڵێت " تۆ کاغەز واژۆ ناکەیت و چاوەڕوان بکەیت کارەساتەکانی مرۆڤ خۆیان تەواو بن."

بۆ ملیۆنان عەرەب ، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تاکە شوێنە کەبە شێوەیەکی سنووردار بتوانن ڕای ئازادیان دەربڕن. لەو کاتەوەی شەڕەکە دەستیپێکردووە دەیان وێنەی منداڵان کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە بوونەتە قوربانی دەچێتە بەردەم بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

لەوەتای ئەم شەڕە دەستیپێکردووە بەلایەنی کەم 217 فەلەستینی لە غەززە کوژراون لە ناویاندا 61 منداڵ و 36 ژنیش. و زیاتر لە هەزارو 400 کەسیش بریندار بوون. بەهۆی هێرشە موشەکییەکانی حەماسیش بۆ سەر شارەکانی ئیسرائیل بەلایەنی کەم 12 ئیسرائیلی کوژراون لە ناویاندا منداڵێک و سەربازێکیش.

بادەر ئەلسەیف پرۆفیسۆر لە زانکۆی کوەیت دەڵێتنا یەکسانی لە هێزەکاندا وایکردووە خەڵکی لە تەواوی کەنداو بێنە دەنگ. ئەو دەشڵێت " بۆ ئەوەی ئیسرائیلییەکان هەست بە پارێزراوی بکەن، پێویستە ئەو هستەیان هەبێت کە پەسەند دەکرێن. ئەو هەستی پەسەند کردنەش دروست نابێت تا ئەوە کاتەی ئەوان مامەڵە لەگەڵ دۆزی فەلەستینییەکاندا نەکەن."

XS
SM
MD
LG