Accessibility links

د.یاد نەقشبەندی: جۆری گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆرۆنا خێراتر بڵاودەبێتەوە و نیشانەکانی لەسەر منداڵان قورسترن.


وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندرووستی سلێمانی هۆشیاری دەداتە هاوڵاتیان لەوەی ئەو چەند کەیسەی کۆرۆنای گۆڕاو کە لە هەرێمی کوردستاندا تۆمارکراون، خێراتر بڵاودەبێتەوە و نیشانەکانیشی لە منداڵاندا قورسترن بە بەراورد بە جۆری یەکەمی ڤایرۆسەکە و پەیامێکیش بۆ بەڕێوبەرانی قوتابخانە و دایک و باوکی قوتابیان دەنێرێت لە مەڕ چۆنیەتی پاراستنی مندالەکانیان لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە.

د. یاد نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندرووستی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکات کە دەکرێت بازدان لە هەر ڤایرۆسێکدا ڕووبدات و بەهۆی ئەوەشەوە سرووشتی ڤایرۆسەکە بگۆڕێت.

"ئەوەی تا ئێستا باسدەکرێت بە شێوازێکی ڕەسمی لەلایەن بەرپرسانی تەندرووستی و پزیشکانی ئەو وڵاتانەی کە حاڵەتەکە یەکەمجار تێیدا دەرکەوت، ڤایرۆسەکە خێراتر دەگوازرێتەوە و کاریگەری یاخود نیشانەکانی لە منداڵاندا قورسترە بەراورد بە کۆڤید ١٩."

تاکو ئێستا زیاد لە ٢٠ حاڵەتی کۆرۆنای گۆڕاو لە پارێزگای هەولێر لە هەرێمی کوردستاندا تۆمارکراون و بەشێکی بەرچاوی ئەو حاڵەتانە ئەو کەسانەن کە لە دەرەوەی وڵاتەوە گەڕاونەتەوە.

"تەنها بە جێبەجێکردنی ڕێنمایی خۆپارێزی کە هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ ئەو ڕێنماییانەی کە بۆ کۆڤید ١٩ باسمان کردووە، دەتوانن ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە بگرن."

لەکاتێکدا لە ئێستادا دەرگای قوتابخانەکان کراونەتەوە، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندرووستی سلێمانی داوای لە دایکان و باوکان و بەرپرسانی قوتابخانەکان کرد کە زیاتر ئاگاداری قوتابییەکان بن لەوە ڕێنماییەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن.

"پێویست دەکات کە تەعامولێکی زیاتر ورد لەگەڵ منداڵەکاندا بکەن چونکە ڕەنگە منداڵێکی خوار ١٠ ساڵ یان منداڵێکی ٦ ساڵ یان ٧ ساڵ تەفاهومی تەواوی نەبێت لەگەڵ ڕێنماییەکانی خۆپارێزی. بەڵام پێویستە هەم لەلایەن دایکان و باوکان کە دەگەڕێنەوە، هەم لە ناو قوتابخانەکاندا ئیجبار بکرێن کە ڕێنماییەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن."

لەکاتێکدا دڵەڕاوکێیەک درووستبووە لەسەر ئەوەی ئەو پێکوتانەی بۆ ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ درووستکراون لەسەر جۆری گۆڕاوی ڤایرۆسەکە کاریگەریان نەبێت، د.یاد نەقشبەندی ئاماژەی بەوەدا کە بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ئێستادا بەردەستن، پێکوتەکان لەسەر جۆری گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەرییان هەیە و ئەو بابەتە جێگای دڵەڕاوکێ نییە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:04 0:00


XS
SM
MD
LG