Accessibility links

بایدن پرسە بۆ 500 هەزار قوربانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمەریکا دەگێڕێت


لە کاتێکدا ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئەمەریکا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 500 هەزار کەس، سەرۆک جۆو بایدن ئێوارەی دووشەممە لە کۆشکی سپی بەشداری کرد لە مەڕاسیمێکی مۆم داگیرسان بۆ ڕێزلێنان لە قوربانیان.

شان بەشانی سەرۆک خانمی یەکەم جیل بایدن و کامڵا هێرس جێگری سەرۆک و دۆگ ئیمهۆف‌ی هاوسەری بوون. ئەوان بە بێدەنگی وەستان لە کاتێکدا باندێکی میوزیکی هێزی دەریایی سرودی ئاینیی بە ناوی " Amazing Grace"یان دەژەند.

چەند خولەکێک پێش ئەوە بایدن بە دەنگێکی خەمبارییەوە داوای لە هاووڵاتیان کرد ساتێک بێدەنگی ڕاگرن بۆ ڕێزلێنان، و پەیامێکیشی پێشکەش بەوانە کرد کە خۆشەویستانیان بەهۆی ڤایرۆسەکە لەدەستداوە.

سەرۆک گوتی " دیارە جێگای باوەڕ نییە، بەڵام بەڵێن دەدەم ڕۆژێک دێت یادی ئەو کەسی لەدەستت داوە بەر لەوەی فرمێس بهێنێت چاوەکانت زەردەخەنە دەهێنێتە سەر لێوەکانت. ئێمە ئەمە تێدەپەڕێنین، بەڵێن دەدەم."

ئەو هەروەها باسی لە ناخۆشییەکانی مردنی ئەو کەسانە بەهۆی پەتاکەوە کرد و گوتی " زۆرێک لەو نەریتانەی کە هاوکاریمان دەکەن و ئارامیمان پێدەبەخشن، هاوکاریمان دەکەن بۆ ڕێزلێنان لەوانەی خۆشمان دەوێن، نەمانتوانی لەم کاتەدا ئەنجامیان بدەین. وەکو نەتەوە، ئێمە ناتوانین و نابێت ڕێگەبدەین ئەمە بەردەوام بێت."

سەرۆک ڕۆژی دووشەممە فەرمانی دا ئاڵای ئەمەریکا لە شوێنە حکومییەکاندا بۆ ماوی پێنج ڕۆژ نزم بکرێتەوە.

لە هەمانکاتدا کڵێسای نیشتمانی لە واشنتن 500 جار زەنگی لێدا بۆ ڕێزلێنان لەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسەکەوەگیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG