Accessibility links

شیانی بوونی جۆرە نوێیەکەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان


سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد گومان دەکرێت لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت و هەرکاتێک دڵنیابوون ڕایدەگەیەنن.

لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە باس لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای نوێ دەکرێن، دەڵێت" لەبەر ئەوەی لە عێراق هەیە ئێمە گومان دەکەین لە هەرێمی کوردستان هەبێت بۆیە بە دواداچوونمان چڕترکردووەتەوە بۆ ئەوەی دەستنیشانی بکەین لەکاتێک ئەگەر هەبوو و دڵنیابووینەوە ڕایدەگەیەنین".

وەزیری تەندروستی سەبارەت بە بارۆدوخی کۆرۆنا لە ناوچەکەدا بەگشتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە بەگشتی ئەگەری بەرزبوونەوە هەیە و ڕایگەیاند" لە عێراقیش بەرزبووەتەوە".

سەبارەت بەوەی باسی داخستنی قوتابخانە دەکرێت بەهۆی ئەوەی گوایە ژمارەیەک لە قوتابیان و مامۆستایان توشی ڤایرۆسەکە بوون،

دکتۆر سامان بەرزنجی دەڵێت" رێکار و رێنماییەکانی تەندروستی لە لایەن وەزارەتی پەروەردە پەیڕەو دەکرێن، هەر قوتابخانەیەک بەپێی بڕیاری خۆیان ئیجرائاتی خۆیان وەردەگرن".

سەبارەت بە دوایین رێنمایی و رێکارەکانی وەزارەتی تەندروستی چین ناوبراو ناوبراو ڕایگەیاند " ئێمە داوامانکردووە لە وەزارەتی ناوخۆ ئەو جموجۆڵ و هاتووچۆ و گەشتیاریەی لە نێوان پارێزگاکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق کە دێنە هەرێمی کوردستان ئیجرائات و رێکاری تەندروستی لەسەر ئەنجام بدرێت هاوشێوەی ئەوەی لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوریەکان دەکرێت."

سەبارەت بە ڤاکسینی کۆرۆنا و گەیشتنی بە هەرێمی کوردستان، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان گووتی" یەکەمین قۆناغی گەیشتنی ڤاکسین لەگەڵ بەرنامەی نیشتمانی عێراق دەبێت کە بڕیارە لەسەرەتای مانگی داهاتووبێت ئەوە پێشبینی دەکرێت ئەوەی کە ئێمە لە وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدراڵمان وەرگرتووە و هەوڵدانیش بەردەوامە".

ئایا بەشی هەرێمی کوردستان چەند دەبێت لەو ڤاکسینەی کە دەگات و چوون دابەش دەکرێت و بەکاردەهێنرێت ؟

بەرزنجی لەوبارەیەوە دەڵێت " بەگوێرەی ئەوەی چەند دەگات هەرچەندبێت بەشی هەرێمی کوردستان پارێزراو دەبێت، لیژنەی باڵا رێنمایی داناوە کە ئەو گرووپ و کەسانە کێن کە ئەولەویەت و لە پێش دەبن".

لەمیانەی وتووێژەکەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕەوشی نێو نەخۆشخانەکان و پێشوازیکردن لە تووشبووانی کۆرۆنا دەڵێت" بەشێوەیەکی گشتی نەخۆشخانەکان ژمارەی نەخۆشیان زۆر کەمبووەتەوە هاوشێوەی پێشوو نییە بەڵام ئەگەر بێتو ژمارەی تووشبوون زۆربێت ئەوا نەخۆشخانەکان ئامادەن".

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:21 0:00


XS
SM
MD
LG