Accessibility links

بایدن دەڵێت جێی شەرمە کە ترامپ دان بە دۆڕاندنەکەیدا نانێت


سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا جۆو بایدن، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند ئەو نیگەران نییە لەمەڕ ئامادەنەبوونی سەرۆک دانۆڵد ترامپ بۆ دانپیانان بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی هەفتەی ڕابوردوو، بەڵام پێیوایە ئەمە " شەرمەزارییە" بۆ خودی ترامپ و وڵاتەکەش.

بایدن لە ویلمینگتن دێلوێر، کە لەوێ کاردەکات لەسەر گواستنەوەی بۆ دەسەڵات و داڕشتنی بەرنامەکانی بۆ هەنگاوە سەرەتاییەکان لە دوای ڕۆژی سوێندخواردنی کە چاوەڕوان دەکرێت 20 ی مانگی 1 بێت، بە پەیامنێرانی گوت " پێم وابێت ئەمە یارمەتیدەر نابێت بۆ میراتی سیاسی سەرۆک."

ترامپ بەبێ پێشکەشکردنی بەڵگەی سەرەکی لەسەر ناڕێکی دەنگدان یان ژماردنی دەنگەکان، زیاتر لە دەرزەنێک سکاڵای یاسایی لە چەند ویلایەتێکدا تۆمار کردووەو هەوڵی داوە ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی بایدن هەڵبوەشێنێتەوە.

بەڵام بایدن گوتی" ئێمە لە ئێستاوە دەستمان بە گواستنەوە کردووە" و ڕەتکردنەوەی ترامپ بۆ دانپیانانی ئەنجامەکان " بابەتەکە ناگۆڕێ". بایدن سەرەتا تیشک دەخاتە سەر چارەسەرکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە زیاتر لە 238 هەزار ئەمەریکایی کوشتووە – کە لە هەمو وڵاتەکان زیاترە.

بایدن گوتیشی ڕەنگە بەر لە جەژنی سوپاسگوزاری، کە ئەم ساڵ دەکاتە 26 ی مانگی 11، چەند کەسێکی سەرەکی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەی دەستنیشان بکات.

ئەو گوتیشی " ئەو ڕاستییەی کە ئەوان نایانەوێت دان بە سەرکەوتنەکەماندا بنێن نیگەرانییەکی ئەوتۆی نییە."

ترامپ، لە هەوڵەکانیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، کاربەدەستانی بەڕێوبەرایەتییەکەی لە هاوکاریی نوێنەرانی بایدن دوورخستووە بۆ ڕێکخستنی گواستنەوەی دەسەڵات.

دەزگای خزمەتگوزارییە گشتییەکان، کە ئاژانسێکی حکومەتی ئەمەریکایە، ڕەتیکردەوە کە دان بەسەرکەوتنی پێشوەختەی بایدندا بنێت. ئەمەش ڕێگە لە کاربەدەستانی بایدن دەگرێت دەستیان ڕابگات بە شوێنەکانی ئاژانسەکانی فیدراڵی و دانانی ئیمەیلی حکومی و وەرگرتنی پارەی فیدراڵی بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی گواستنەوە.

بەڵام بایدن نیگەرانییەکی زۆری لەمبارەیەوە ڕانەگەیاند.

گوتی " دەتوانین بەبێ ئەم پارەیەش کارەکان بکەین" لە کاتێکدا دانیشی بەوەدا نا کە دەبێت دەستبکات بە وەرگرتنی زانیارییەکانی ڕۆژانەی سەرۆکایەتی زانیارییە هەواڵگیریەکانی ئەمەریکا لە سەرانسەری جیهاندا.

ئەو گوتی " ئەو زانیاریانە هاوکار دەبن، بەڵام من هێشتا سەرۆک نیم."

بایدن گوتیشی پێویست ناکات تیمەکەی سکاڵای یاسایی تۆمار بکات بۆ هەوڵی فشاربردن تا دانبەوەدا بنرێت ئەم هەڵبژاردنەکانی بردۆتەوە.

ئەو گوتی " پێم وابێت لە 20 ی 1 تەواو دەبێت."

کاتێک پرسیاری لەسەر ئەوە لێ کرا چی بە ترامپ دەڵێت ئەگەر تەماشای کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی بکات، بایدن پێکەنیو گوتی " جەنابی سەرۆک، من چاوەڕوانی ئەوەم قسە لەگەڵ تۆدا بکەم."

XS
SM
MD
LG