Accessibility links

لە یەکەم ڕۆژی کۆنگرەی نیشتمانی دیموکراتەکاندا مشێڵ ئۆباما سەرۆک ترامپی بە سەرۆکێکی " هەڵە" بۆ وڵاتەکە ناودێر کرد


مشێڵ ئۆباما
مشێڵ ئۆباما

خانمی پـێشووی یەکەمی ئەمەریکا لە میانەی گۆنگرەی نیشتمانی دیموکراتەکاندا ستایشی کاندیدی چاوەڕوانکراوی دیموکراتەکان جۆ بایدنی کرد و وەکو ڕێبەرێکی لێوەشاوە بۆ وڵاتێکی " بەبەزەیی، خۆڕاگر و خەڵکی لێهاتوو" ناودێری کرد. لە کاتێکدا زۆر بە توندی ڕەخنەی لە سەرۆک دانۆڵد ترامپ گرت و گوتی توانای ئەوەی نییە تێگەیشتنی بۆ هەست و ئەزمونی کەسانی تر هەبێت.

لە یەکەم شەوی کۆنگرەی نیشتمانی دیموکراتەکان کە لە دوورەوە بەڕێوەدەچێت و ئەندامان زۆربەیان بەڕێگەی ڤیدیۆیی بەشداری کۆنگرەکە دەکەن و ژمارەیەکیش لە وتارەکان پێشتر تۆمار کراوە، خاتو ئۆباما زۆر بە توندی باسی لەوە کرد کە ترامپ سەرکەوتوو نەبووە لەوەی بە پێی پێویست ڕووبەڕووی قەیرانەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و هەروەها پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتدا ببێتەوە لە کاتێکدا پشتی لەو هاوپەیمانێتییە جیهانیانە کردووە کە دەمی بەڕیوەبەرایەتییەکانی پێشوودا پێکهاتبوون.

لەو وتارەیدا کە پێشتر تۆمار کرابوو مشێڵ ئۆباما گوتی " با بە ڕاستگۆیانەو ڕاشکاوانە بڵێم ، دانۆڵد ترامپ سەرۆکێکی هەڵەیە بۆ وڵاتەکەمان. کاتێکی زۆری لەبەردەستدا بوو تا بیسەلمێنێت دەتوانێت کار بکات، بەڵام دیارە لە توانای ئەودا نییە."

خانمی یەکەمی پێشوی ئەمەریکا گوتیشی ترامپ " ناتوانێت پێشوازی لەم قۆناغە بکات ، ناتوانێت ببێت بەو کەسەی کە ئێمە چاوڕوانیمان لێی هەیە."

سەرۆک ترامپ ڕۆژی سێشەممە لەوەڵامی قسەکانی مشێڵ ئۆبامادا لە تۆڕی کۆمەڵاتی تویتەر گوتی بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئۆباماو بایدن "گەندەڵترین بەڕێوەبەرایەتی بووە لە مێژوودا، یەكێک لەو ڕاستیانەی کە پێی زانراوە سیخوڕییان لەسەر هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی من کردبوو، ئەمەش گەورەترین شەرمەزاری سیاسییە لە مێژووی وڵاتەکەماندا ئەمە پێی ئەوترێت خیانەت و زۆر لەوەش زیاتر، مشێڵ زۆر سوپاس بۆ وشە جوانەکانت."

ڕۆژی دووشەممەش لە فڕۆکەخانەی مینیاپلس سان پاوڵ، کە لە ڕێگە بوو بۆ کۆبونەوەیەکی جەماوەری لە میناسۆتا، ترامپ گاڵتەی بە هەوڵەکانی دیموکراتەکان کرد و بە پشتیوانەکانی گوت " کاتێک دەبیستیت وتارێک تۆمار کراوە هەست بە هیچ خۆشییەک ناکەیت. وا نییە؟ "

سەرۆک دانۆڵد ترامپ
سەرۆک دانۆڵد ترامپ

ڤایرۆسی کۆرۆنا وای کرد دیموکراتەکان پلانەکانیان بۆ کۆنگرەی حزبەکەیان لە شاری ملواکی وسکانسن بگۆڕن و کۆنگرەکە لە دوورەوە ببەستن بەشێکی زۆری وتارەکان پێشتر تۆمار کراون و لەگەڵ هەندێک لە وتارو قسەی ڕاستەوخۆی کەسایەتییە ناودارەکان، سیاسەتمەداران و هاووڵاتیان لە چەند شوێنی جیاوازی ئەمەریکاوە تێکەڵ بکەن.

هەفتەی داهاتوو کۆمارییەکان پلانیان هەیە کۆنگرەی خۆیان لە شارلۆتی کارۆلاینای باکور بە شێوەیەکی سنوردار ببەستن و ترامپ لە کۆشکی سپییەوە وتاری پەسەند کردنی بەربژارێتی پێشکەش بکات.

لە یەکەم شەوی کۆنگرەکە خاتو ئۆباما و چەندین کەسایەتی تری دیموکراتەکان و چەند کەسێکی کۆماری کە ناڕازین لە سیاسەتەکانی سەرۆک ترامپ زیاتر لە دوو کاتژمێریان بەسەر برد لە ستایشکردنی جۆ بایدن و بە باشترین کەس بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەندروستی گشتی، ئابوری و قەیرانی دادپەروەری ڕەگەزی ناودێریان کرد لە کاتێکدا ترامپیان بە بێتوانا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگانە نیشان دەدا.

بایدن لە دەمی بەڕێوەبەرایەتی باراک ئۆبامای هاوسەری مشێڵ بۆ ماوەی هەشت ساڵ جێگری سەرۆک بوو. مشێڵ ئۆباما بایدنی بە کەسێکی لێهاتوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستای وڵات لە قەڵەم دا و گوتی " من جۆ دەناسم، کەسێکی زۆر بە ڕەوشت و خاوەن بڕوایە، ئەو جێگێکی زۆر باشی سەرۆک بوو. ئەو دەزانێت چۆن ئابوری ڕزگار بکرێت، ڕووبەڕووی پەتایەک ببێتەوە و ڕێبەرایەتی وڵاتمان بکات."

ئەو هەروەها باسی لە پەتای کۆرۆنا کرد کە لە ئەمەریکا زیاتر لە هەمو وڵاتان خەڵکی کوشتووەو ملیۆنان کەس بەهۆی پەتاکەوە کارەکانیان لەدەستداوە وەهەروەها ئەو خۆپیشاندانانەش کە دژ بە نایەکسانی و ڕەفتاری نابەجێی پۆلیس لە شارەکانی سەرانسەری ئەمەریکا ئەنجام دران.

لە شەوی یەکەمی کۆنگرەی دیموکراتەکاندا چەند کەسایەتییەکی کۆماریش دەرکەوتن، لە ناویاندا پارێزگاری پێشوی نیوجێرسی کرستین تاد ویتمن و مێگ ویتمنی بەڕێوەبەری پێشوی کۆمپانیای هویلیت پاکەرد و هەروەها جۆن کاسچ ی پارێزگاری پێشوری ئۆهایۆ کە یەکێکیش بوو لە بەربژارەکانی سەرۆکایەتی کۆمارییەکان لە ساڵی 2016 ، بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو پشتیوانیان بۆ کاندیدی پارتی بەرهەڵستیان جۆ بایدن دەربڕی.

یەکەم شەوی کۆنگرە چوار ڕۆژییەکە بریتی بوو لە وتاری و لێدوانی بەشێکی زۆری ئەو دیموکراتانەش کە لە ساڵی ڕابوردوو لە پێشبڕکێی دیموکراتەکاندا بوون بۆ ئەویە ببن بە کاندیدی سەرەکی حزبەکە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا دژ بە دانۆڵد ترامپ.

بەشداربوانی کۆنگرەی دیموکراتەکان
بەشداربوانی کۆنگرەی دیموکراتەکان

دواین کاندیدی دژی بایدن لە پێشبڕکێکەدا سیناتۆری ڤێرمۆنت بێرنی ساندەرس بوو، لە پەیامی کۆنگرەکەدا گوتی وڵات ڕووبەڕووی "ساتەوەختێکی بێپێشینە" بۆتەوە بە ژمارەیەک ئاستەنگەوە لە ناویاندا ڤایرۆسی کۆرۆنا، نژادپەرستی و گۆڕانکاری کەشوهەوا. ساندەرس گوتی " سەرۆکێکمان هەیە کە نەک تەنها توانای نییە ئەم قەیرانانە چارەسەر بکات بەڵکو ئێمە بەرەو ئاقاری تاکڕەویدا دەبات."

سەبارەت بە ڕۆڵی خۆی و ستافەکانی لە چاکسازی ناو حزبەکەیدا لەو کاتەوەی کە لە پێشبڕکێکە کشایەوە ساندەرس گوتی " بەشێکی زۆری بیرۆکەکانی کە ئێمە شەڕمان لە پێناویان کرد و تەنها چەند ساڵێک لەمەوبەر بە ڕادیکاڵ نادێر دەکران ئێستا ئاسایی بوونەتەوە."

ساندەرس باسی لە چەند خاڵێکی ڕێبازی دیموکراتەکان کرد لە ناویاندا پشتیوانی بایدن بۆ زیادکردنی کەمترین کرێی کارکردن، ئاسانتر کردنی بەشداری کارکەران لە یەکێتییەکاندا، وەرگرتنی مەوڵەتی کار بەهۆی کێشەی خێزانی، دەستپێکردنی خوێندن لە تەمەنێکی بچووکتر، خزمەتگوزاری منداڵان، نۆژەنکردنەوەی ژێرخان و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکاری کەش و هەوا.

ئەو گوتیشی " ڕاستییەکە ئەوەیە تەنانەت بەر لەوەش کە ترامپ وەڵامدانەوەی ئەم پەتایەش پشتگوێ بخات، ژمارەیەکی زۆری خێزانی کە ماندوونەناسانە کار دەکەن کێشەی ئابورییان هەبوو و هیچ هیوایەکیشیان لەبەردامدا نەبوو. پێکەوە ئێمە دەبێت وڵاتێک پێکبهێنین کە یەکسانتر بێت، بەبەزەی تر بێت و گشتگیر بێت، دەزانم جۆ بایدن ڕۆژێک ئەم کارە دەستپێدەکات."

بێرنی ساندەرس
بێرنی ساندەرس

چەند کەسێک لەوانەی کە شەوی دووشەممە قسەیان کرد باسیان هەڵوێستی ترامپ لە دژی فراوانکردی دەستڕاگەیشتنی دەنگدەر بە ڕێگای پۆستە کرد.

ئەوانەی کە پشتیوانیان دەربڕی بۆ دەنگدانێکی لەو جۆرە و خزمەتگوزاری پۆستەی ئەمەریکا بریتی بوون لە سیناتۆر کاترن کۆرێز ماستۆی ویلایەتی نیڤادا.

ئەو گوتی " سەرەڕای ئەوەی کە سەرۆک دەڵێت، دەنگدان بە ڕێگای پۆستە ڕاستە و دروستە، و چەندین ساڵە ئەم بژارەیە سەلمێندراوە. لە ساڵی 2016دا 33 ملیۆن ئەمەریکایی بە ڕێگای پۆستە دەنگی خۆیان دابوو. تەنانەت دانۆڵد ترامپ خۆشی دوو جار لەم ساڵدا داوای کردووە لە دوورەوە دەنگ بدات."

بڕیارە لە شەوی سێشەممە دووهەم شەوی کۆنگرەکە سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا بڵ کڵنتن، جیل هاوژینی جۆ بایدن و وەزیری دەرەووەی پێشوی ئەمەریکا جۆن کیری و ڕێبەری دیموکراتەکان لە سیناتی ئەمەریکا چاک شومەر وتار پێشکەش بکەن."

دەستنیشانکراوی جێگری جۆ بایدن سیناتۆری کالیفۆرنیا کامڵا هێرس یەکەم ژنی ڕەش پێست و باشوری ئاسایی کە وەکو جێگری سەرۆک هەتا ئێستا دەستنیشان کرابێت لە شەوی چوارشەممە قسە دەکات و هەر لە هەمان شەو سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا باراک ئۆباما و وەزیری پێشوی دەرەوەی ئەمەریکا هیلاری کڵنتن و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران نانسی پیلۆسی وتار پێشکەش دەکەن.

بڕیارە شەوی پێنجشەممە کە دەکاتە دووا شەوی کۆنگرەکە بایدن بەربژارێتی بە فەرمی پەسەند بکات. بڕیارە وتارەکەی لە ویلایەتی دلوێرەوە پێشکەش بکات کە تەنها یاریدەدەرەکانی و ڕاوێژکارەکانی لەگەڵدا دەبن.

لە هەمانکاتدا سەرۆک ترامپ و مایک پێنسی جێگری گەشتەکانیان ب ۆ چەند شوێنێکی سەرەکی دەنگەدانەکە دەستپێدەکەن و هەوڵ دەدەن و هەوڵ دەدەن سەرنج لەسەر دیموکراتەکان لادەن. بڕیارە ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە بچێتە ناوچەیەکی نزیک شاری سکرانتۆنی باکوری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی پێنسلڤانیا ئەو شوێنەی کە بایدن لێی گەورە بووە.

XS
SM
MD
LG