Accessibility links

کۆنگرەی نیشتمانی دیموکراتەکان بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی جیاواز بەڕێوە دەچێت


دیموکراتەکانی ئەمەریکا شەوی دوو شەممە کۆنگرەی نیشتمانییان ساز کرد کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کۆنگرەکە جیاواز بوو، لەلایەن ئیفا لینگۆریا باستەر خانمە ئەکتەر و چالاکوانەوە وەکو بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی لە کەناڵەکانی ئەمەریکا پەخش کرا و تیایدا بەشدار بووان تێڕوانین و بۆچوون و وتارەکانیان بە شێوەیەکی تۆمارکراو یان ڕاستەوخۆ پێشکەش دەکرد و پشتیوانیان بۆ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن دەردەبڕی.

خانمی پێشوی یەکەمی ئەمەریکا مشێل ئۆباما، سیناتۆری پێشکەوتووخوازی ڤێرمۆنت بێرنی ساندەرس و پارێزگاری کۆماریی پێشوی ویلایەتی ئۆهایۆ جان کەیسک کە ڕەخنەگرێکی سەرەکی دانۆڵد ترامپە، لە نێو ئەو کەسایەتییانەدا بوون کەلە شەوی یەکەمی کۆنگرەکەدا وتاریان پێشکەش کرد و پشتیوانیان بۆ بایدنی تەمەن 77 ساڵان دەربڕی.

پارێزگاری ویلایەتی مشیگەن گرێچن ویتمەر باسی لە گرنگی هەنگاونان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و باسی لە کارەکانی بەڕێوەبەرایەتی پێشوی باراک ئۆباما کرد کە چۆن مامەڵەی لەگەڵ قیرانی ئابوریدا کرد.

چەند کەسایەتییەکی کۆماری لە ناویاندا پارێزگاری پێشوی نیو جێرسی کرستین تاد ویتمانیش لەو کۆنگرەیەی حزبی بەرهەڵستیدەرکەوت و بایدنی بە بژاردەیەکی باشتر بۆ وڵاتەکە ناودێر کرد.

ترامپ لە فڕۆکەخانەی مینیاپلس سان پاوڵ، کە لە ڕێگە بوو بۆ کۆبونەوەیەکی جەماوەری لە میناسۆتا، گاڵتەی بە هەوڵەکانی دیموکراتەکان کرد و بە پشتیوانەکانی گوت " کاتێک دەبیستیت وتارێک تۆمار کراوە هەست بە هیچ خۆشییەک ناکەیت. وا نییە؟ "

بەڵام لە کاتێکدا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەربڵاوە، هەتا ئێستا بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە زیاتر لە 170 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە کاربەدەستانی دیموکراتەکان وتارەکانیان لە ماڵەوە پێشکەش دەکەن.

هەفتەی داهاتوو کۆمارییەکان پلانیان هەیە کۆنگرەی خۆیان لە شارلۆتی کارۆلاینای باکور بە شێوەیەکی سنوردار ببەستن و ترامپ لە کۆشکی سپییەوە وتاری پەسەند کردنی بەربژارێتی پێشکەش بکات.

XS
SM
MD
LG