سەرۆکی گروپی سەربازی بەکرێگیراوی واگنەری ڕووسیا کە لە ئێستادا هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا شەڕ دەکەن، وتی بە خۆی و پیاوەکانی وتراوە وەکو ناپاک سەیر دەکرێن ئەگەر دەستبەرداری شوێنەکانییان بن لە شاری باخموتی ئۆکرانیا.
یەڤیگنی پریگۆژینی سەرۆکی واگنەر بۆ دووەمین جار لە ماوەی دوو ڕۆژدا وتی هێزەکانی باخموت جێدەهێڵن ئەگەر ئەو تەقەمەنییە وەرنەگرن کە پێویستییانە بۆ شەڕکردن دژی هێزەکانی ئۆکرانیا.
پریگۆژین لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا ڕەخنەی توند لە سەرکردایەتی سوپای ڕووسیا دەگرێت، لە کاتێکدا کە ڕووسیا یادی ساڵیادی ڕۆژی سەرکەوتنی کردەوە لە گۆڕەپانی سوور لە مۆسکۆ.
پریگۆژین لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت " دوێنێ فەرمانێکی شەڕکردن هاتووە کە تیایدا بە ڕوونی باس لەوە کراوە ئەگەر شوێنەکانمان لە باخموت جێبهێڵین ئەوا وەکو ناپاککار لە نیشتیمان سەیر دەکرێین. ئەوە پەیامەکە بوو بۆ ئێمە."
وتیشی " بەڵام ئەگەر تەقەمەنیمان نەبێت ئەوا شوێنەکانمان جێدەهێڵین و ئێمە دەبین دەپرسین لە ڕاستیدا کێ ناپاکی لە نیشتیمان دەکات. وادیارە ئەوەی کە ' ناپاکی لە نیشتیمان دەکات ' ئەو کەسەیە کە واژۆی کردووە بۆ ' ناردنی تەقەمەنییەکی کەم بۆمان."
پریگۆژین پێشتر وەزارەتی بەرگری ڕووسیای تۆمەتبار کردبوو بە تۆمەتی ڕەوانە نەکردنی تەقەمەنی بۆ هێزەکەی. وەزارەتەکە دەڵێت کاردەکات بۆ ئەوەی دڵنیا ببێتەوە لەوە سەرجەم یەکەکانی ناو گۆڕەپانی جەنگەکە هەرچییەکیان پێویست بێت بۆیان دابین بکرێت.
درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە پریگۆژین وتی هەندێک ئاماژە هەن لەسەر ئەوەی کێشەی تەقەمەنی چارەسەر کرابێت، بەڵام ڕۆژی سێشەممە وتی قەبارەی بارە تەقەمەنییەکە کەمکراوەتەوە.
وتی " تەنها لە سەدا 10 ی ئەو بڕەیان داوینەتێ کە داوامان کردبوو. هەڵخەڵەتێندراین."
پریگۆژین کە ماوەیەکی زۆرە کێشەی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ڕووسیادا هەیە، لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا کۆمەڵێک لێدوانی بە سۆزەوە داوە و ڕایگەیاندووە هێزەکانی بەهۆی کێشەی تەقەمەنییەوە لە باخموت دەکشێنەوە، دواتر وتی دەمێننەوە و دوای ئەوەش وتی ڕەنگە لە باخموت بمێننەوە.
پریگۆژین لێدوانی توندیدا دژی ئەو کەسانەی بەرپرسن لە جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، بە " باپیرە " ناویبردن و وتی ئەم باپیرەیە بە هەڵەداچووە لەوەدا کە پێی وابێت " ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا " بە باشی بەڕێوەدەچێت.
وتی " ئەم وڵاتە چی لە منداڵەکانمان دەکات، نەوەکانمان، کە داهاتووی ڕووسیان، چۆن بتوانین ئەم جەنگە ببەینەوە کاتێک کە دەردەکەوێت ئەم باپیرەیە بە تەواوەتی بێمێشکە."
پریگۆژین پێشتر ڕەخنەی توندی لە وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ و سەرۆکی ئەرکانی گشتی سوپای ڕووسیا ڤالێری گیراسیمۆڤ گرتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەموو کاتێک خۆی بە دوورگرتووە لە ڕەخنەگرتن لە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن.
لە ڕەخنەیەکدا لە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا، پریگۆژین کە دەڵێت هێزەکانی لە سەدا 95 ی باخموتییان گرتووە، وتی گوایە هەندێک لە هێزەکانی ڕووسیا شوێنەکانییان جێهێشتووە و لایەکی هێزەکانی واگنەرییان بۆ ماوەیەکی کاتی چۆڵ کردووە، وتی ئەو کێشەیە پیاوەکانی دەتوانن چارەسەری بکەن.
وتی " کێشەکە سەربازەکان نین. کێشەکە ئەو کەسانەن کە سەرکردایەتییان دەکەن و ئەرکییان دەدەنێ. ماسی لە سەرییەوە بۆگەن دەبێت." وتیشی فەرمانەکان لەلایەن " تاوانباران و ناپاکیکارانەوە " دەدرێن.
ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەو ڕووداوەی چۆڵکردنی شوێنەکان لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە پشتڕاست بکاتەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز