Accessibility links

ئۆکرانیا دەڵێت سەرجەم 35 فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ڕووسیا تێکشکێندراون

تەقینەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ڕووسیا لە ماوەی هێرشێکی ڕووسیادا بۆ سەر کیێڤ
تەقینەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ڕووسیا لە ماوەی هێرشێکی ڕووسیادا بۆ سەر کیێڤ

سەرکردایەتی باڵای سەربازی ئۆکرانیا دەڵێت هێزەکانی ئۆکرانیا سەرجەم ئەو 35 فڕۆکە بێفڕۆکەوانە دروستکراوە ئێرانییانەیان تێکشکاندووە کە ڕووسیا بە ئاڕاستەی چەند ناوچەیەکی جیاوازی وڵاتەکە هەڵیدابوون.

سەرۆک ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا وتی " شەوی ڕابردوو فیدراسیۆنی ڕووسیاش 16 هێرشی موشەکی ئەنجام داوە، بە تایبەتی بۆ سەر شارەکانی هەرێمەکانی خارکیڤ و خێرسۆن و میکۆلایڤ و ئۆدێسا."

وتیشی لە ماوەی ڕابردوودا 61 هێرشی ئاسمانی و 52 هێرشی دیکە بە سیستمەکانی موشەکی ساڵڤۆ دژی شوێنەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا و ناوچەکانی دانیشتوان ئەنجام دراون.

وتی " بە داخەوە حاڵەتی گیان لە دەستدان و برینداربوونی هاوڵاتییانی مەدەنیمان هەیە، بینا بەرزەکان و خانووە تایبەتەکان و ژێرخانە مەدەنییەکانی دیکە زیانییان بەرکەوتووە.

سەرۆکی شارەوانی کیێڤ وتی لانیکەم پێنج کەس لە پایتەخت بریندار بوون، بەهۆی ئەو زیانەوە کە بە بیناکان و ژێرخانەکان کەوتووە.

هاوکات بەهۆی هێرشەکانەوە کۆگایەکی خۆراک لە شاری ئۆدێسا گڕی گرتووە. هێرشە نوێیەکانی ڕووسیا لە کاتێکدایە کە مۆسکۆ ئامادەکاری دەکات بۆ ساڵیادی ڕۆژی سەرکەوتن کە دەکاتە ڕۆژی سێشەممە.

جێگری وەزیری بەرگری ئۆکرانیا هاننا مالیار وتی " دەبێت هەمیشە ئامادە بین بۆ ناپاکی و بەرگری دوژمن."

جەنەڕاڵی باڵای سەربازیی ئۆکرانیا کە سەرکردایەتی بەرگرییەکانی ئۆکرانیا دەکات لە شاری باخموتی گەمارۆدراو، وتی ڕووسیا بۆردومانەکانی بۆ سەر شاری باخموت زیاد کردووە، لە هیوای ئەوەدا کە بتوانێت تاوەکو ڕۆژی سێشەممە کۆنتڕۆڵی بکات. ئەمەش دوای ئەوەی گروپی سەربازی بەکرێگیراوی واگنەر وادیاربوو کە دەستبەرداری پلانەکانی بووبێت بۆ کشانەوە لە باخموت.

سەرۆکی شارەوانی کیێڤ ڤیتالی کلیتچکۆ وتی سێ کەس بەهۆی تەقینەوەکانەوە لە ناوچەی سۆلۆمیانسکی کیێڤ بریندار بوون و دوو کەسی دیکەش بەهۆی کەوتنە خوارەوەی پاشماوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە لە ناوچەی سڤیاتۆشین بریندار بوون، هەردوو ناوچەکە دەکەونە ڕۆژئاوای ناوەڕاستی کیێڤەوە.

بەڕێوبەرایەتی سەربازیی کیێڤ وتی پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لەسەر هێڵی فڕینی فڕۆکەخانەی ژولیانی کەوتۆتە خوارەوە، کە یەکێکە لە دوو فڕۆکەخانە مەدەنییەکەی کیێڤ.

وتیشی پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە بینایەکی دوو نهۆمیشیان داوە لە ناوەڕاستی ناوچەی شیڤچینکیڤسکی و زیانی لێکەوتۆتەوە.

شایەتحاڵانی ڕۆیتەرز لە کیێڤ وتیان گوێیان لە دەنگی چەند تەقینەوەیەکی زۆر بووە، بەرپرسانی ناوخۆش دەڵێن سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی شارەکە بەرپەرچی هێرشەکانییان داوەتەوە.

بەرپرسی ڕووسیا بۆ هەرێمی زاپۆریژا ڤلادیمیر ڕۆگۆڤ وتی هێزەکانی ڕووسیا لە کۆگایەک و شوێنەکانی هێزەکانی ئۆکرانیایان داوە لە شاری ئۆریخیڤ. ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەو هێرشە پشتڕاست بکاتەوە.

بەڕێوبەرایەتی سەربازیی هەرێمی سومی وتی هێزەکانی ڕووسیا هەشت شوێنیان لە سومی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بۆردومان کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG