سەرۆکی گروپی سەربازی بەکرێگیراوی واگنەری ڕووسیا دووبارە داوای لە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا کردەوە تەقەمەنی زیاتر بدەن بە چەکدارەکانی کە هەوڵ دەدەن شاری باخموتی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بگرن.
یەڤیگنی پریگۆژین بەردەوام مشتومڕی لەگەڵ دامەزراوەی بەرگری ڕووسیادا هەبووە، ئەوەش لەسەر چۆنێتی ئەنجامدانی هەڵمەتەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و " پشتیوانییە کەمەکانی ڕووسیا بۆ سەربازانی واگنەر."
پریگۆژین وتی ڕۆژانە پێویستی بە لانیکەم 300 تەن لە گولەی تۆپهاوێژ هەیە بۆ هێرشکردن.
وتی " سێ سەد تەن لە ڕۆژێکدا دەکاتە 10 کۆنتێنەری بار، ئەوەش زۆر نیە. بەڵام ئێمە یەک لەسەر سێی ئەو بڕەمان پێدەدرێت."
باخموت کە پێش جەنگەکە 70,000 دانیشتووی هەبوو، ئێستا بەهۆی تۆپهاوێژ و شەڕی کۆڵان بە کۆڵانی نێوان هێزەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیاوە وێران بووە. لە 11 ی مانگی چواردا پریگۆژین بانگەشەی ئەوەی کرد زیاتر لە سەدا 80 ی شارەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە.
واگنەر بەشێک نیە لە هێزە چەکدارە فەڕمییەکانی ڕووسیا، پریگۆژینیش پێشتر وەزارەتی بەرگری ڕووسیای تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی " ناپاکیکردن " لەگەڵ چەکدارەکانی واگنەر و ئامانجی گشتی جەنگەکەی ڕووسیا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی " تەقەمەنی پێویستییان دابین نەکردووە."
لە ڤیدیۆیەکدا لەبەردەم بینایەکی ڕووخاو لە سۆلیدار، پریگۆژین وتی ڕۆژی دووشەممە ساڵیادی دامەزراندنی واگنەر بووە، وتیشی ئەگەر چارەنووسی واگنەر مردن بێت ئەوا لەسەر دەستی سوپای ئۆکرانیا یاخود ناتۆ نابێت بەڵکو بەهۆی " بیرۆکراتە پوچەکانی ناوخۆی ڕووسیاوە دەبێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز