خانمە ئەکتەر تەرانە عەلیدۆستی لە زیندانی ئێران ئازاد دەکرێت

تەرانە عەلیدۆستی، بەردەم بەندینخانەی ئیڤین، تاران

دەزگای هەواڵی ئێران دەڵێت تاران خانمە ئەکتەر تەرانە عەلیدۆستی بە کەفالەت ئازاد کردووە، ئەوەش چەند هەفتەیەک دوای دەستبەسەرکردنی بەهۆی ڕەخنەگرتنییەوە لە سەرکوتکارییەکەی دەسەڵاتدارانی ئێران دژی خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەتی وڵاتەکە، کە ماوەی چەند مانگێکە کۆماری ئیسلامی هەژاندووە.

تەرانە عەلیدۆستی کە زیاتر بە ڕۆڵەکەی لە فیلمی The Salesman ناسراوە و لە ساڵی 2017 دا ئەو فیلمە خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێنا، پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکان کردووە، لە مانگی یانزەدا وێنەیەکی خۆی بەبێ سەرپۆش لە ئینستگرام بڵاوکردەوە هێمایەکی بە دەستەوە بوو کە بە کوردی لەسەری نوسرابوو " ژن، ژیان، ئازادی."

دەزگای هەواڵی نیمچە فەڕمی ئیلنا لە زاری پارێزەرەکەی عەلیدۆستییەوە بڵاویکردەوە " عەلیدۆستی کە لە 17 ی مانگی دوانزەدا دەستگیرکرا ئەمڕۆ بە کەفالەت ئازاد کرا." بەڵام وردەکاری زیاتری نەدا.

عەلیدۆستی وێنەیەکی لەبەردەم بەندینخانەی ئیڤینی تاراندا گیراوە و بە شێوەیەکی بەرچاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە.

خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی ئێران دوابەدوای مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ سەرییانهەڵدا کە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا گیانی لە دەستدا. هاوڵاتیانی وڵاتەکەش لە سەرجەم چینەکانی کۆمەڵگەوە ناڕەزایی دەردەبڕن و دژی دەسەڵاتەکەی ئێران وەستاونەتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس