ناتانیاهۆ: هاوکارییەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا لە دژی ڕژێمی ئێران بەردەوامە

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی 'هەڵسەنگاندنی ئاسایشی' لە تەلئەڤیڤ ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ڕژێمی ئێران بە هاوکاری لەگەڵ ئەمەریکا بەردەوام دەبن.

ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشکرد کە ئیسرائیل "لەگەڵ دۆستە ئەمەریکاییەکانی" بەردەوام بووە لە هێرشەکانی و لەم چوارچێوەیەشدا فەرماندەکان و پردەکان و ژێرخانەکانی ڕژێمی ئێرانیان بە ئامانجگرتووە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها گوتی، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزی ئاسمانی ئیسرائیل نزیکەی 70%ی تواناکانی بەرهەمهێنانی پۆڵای ئێرانی لەناوبردووە. ناوبراو ئەو هەنگاوەی بە "دەستکەوتێکی گەورە" لە لاوازکردنی سەرچاوە داراییەکان و توانای چەکەکانی سوپای پاسداران وەسف کرد..

نەتانیاهۆ باسی لە هاوکاری تەواو لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترامپ کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئەمەریکا بەردەوام دەبێت. ناوبراو ڕایگەیاند کە ڕژێمی ئێران "لە هەموو کاتێک لاوازترە" و ئیسرائیل "لە جاران بەهێزترە".

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها باسی لە پێشهاتەکانی لوبنان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هێرشەکان بۆ سەر حزبوڵا بەردەوام دەبن و ئیسرائیل کار لەسەر بەهێزکردنی " پشتێنەی ئاسایشی" دەکات بۆ پاراستنی باکووری ئیسرائیل.

ئیسڕائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە هەمان دیداردا گوتی: سیاسەتی ئێمە لە لوبنان نەگۆڕاوە و ئامانجی سەرەکیش چەکداماڵینی حزبوڵڵایە لە ڕێگەی هەنگاوی سەربازی و سیاسییەوە.

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم سیاسەتە "جیا لە پرسی ئێران لەبەرچاو دەگیرێت" و سوپای ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی.