سەرچاوە هەواڵییەکانی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنن بەڕێوبەرایەتی دۆناڵد ترامپ بڕیارە لەم هەفتەیەدا لە واشنتن سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، میوانداری بەرپرسانی باڵای بەرگری و هەواڵگری ئیسرائیل و عەرەبستان بکات بۆ وتووێژ لەو بارەیەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی ئەکسیۆس کە ڕۆژی پێنجشەممە، 29ی مانگی یەک بڵایکردوەتەوە، پێدەچیت ئیسرائیلییەکان لەم سەردانەدا ئامانجە ئەگەرییەکان لە ناوخۆی ئێراندا بخەنە بەردەم ئەمەریکا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی سعودیە هێشتا پێیان وایە دەرگای دیپلۆماسی کراوەیە و هێشتا دەبێت کات بدرێت بە دانوستانەکان.
وتووێژەکان سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و لە سەرانسەری جیهان لەم هەفتەیەدا چڕتر بووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لەم هەفتەیەدا هێزەکانی ئەمەریکا لەوانە کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکن گەیشتنە ئاوەکانی ناوچەکە و دۆناڵد ترامپ هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر بەرپرسانی تاران نەیەنە سەر مێزی دانوستان، ڕووبەڕووی هێرشێکی زۆر قورس دەبنەوە.
لە چەند حەوتەی ڕابردوودا بەشێک لە دراوسێکانی ئێران لەوانە تورکیا، عەرەبستان و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە پشت پەردەوە هەوڵی پێشگیری لە شەڕێکی دیکە لە ناوچەکە دەدەن.
ئیمارات و سعودیە ڕایانگەیاندووە ڕێگە بە بەکارهێنانی ئاسمانی خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران نادەن و تورکیاش پێشنیاری نێوەندگیری نێوان ئێران و ئەمەریکای کردووە.