سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند بەریتانیا هاوپەیمانەکانی کاردەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئێران نەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە سەرۆک دانۆڵد ترامپ جارێکی تر شیانی هێرشێکی سەربازی دژی ئێرانی دووپات کردەوە و گوتی ئەگەر تاران دانوستاندن لەگەڵ واشنتن ڕەتبکاتەوە، ئەوا هێرشێکی زۆر گەورەتری دەکرێتە سەر.
ستارمەر لە میانەی گەشتێکی بۆ وڵاتی چین ڕۆژی پێنجشەممە بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند " پرسی گەورە و ئاستەنگی گەورە لێرەدا دڵنیابوونە لەوەی ئێران نەتوانێت بەرنامەی ناوکی بەدەستبهێنێت، و هەموومان بە تەواوەتی هاوڕاین لەسەر ئەوە و لەگەڵ هاوپەیمانانمان کار دەکەین بەو ئاراستەیەدا."
کاتێک پرسیاری لەسەر هەنگاوەکانی سەرۆک ترامپ لێکرا، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ستارمەر گوتی " هەموومان هاوڕاین لەسەر ئەوەی کە دڵنیابین لەوەی ئێران نەتوانێت بەرنامەی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت ئەمەش پێشەنگی ئەرکە سەرەکییەکانمانە و کار لەسەر ئەمە دەکەین."
سەرۆک ترامپ ڕۆژی چوارشەممە، 28ی مانگی یەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث جارێکی تر ئاماژەی دا بە ڕەوانەکردنی کەشتی دیکەی جەنگی بەرەو ئێران و ڕایگەیاند " گەلە کەشتییەکی جەنگی گەورە بەرەو ئێران دەڕوات. کەشتییەکە بە خێرایی و بە هێز و ورەیەکی بەرزەوە و ئامانجێکی زۆرەوە دەجوڵێت و دەڕوات."