سەرۆک ترامپ دەڵێت ڕژێمی ئێران دەیەوێت گفتوگۆ بکات

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە ماڵپەڕێکی هەواڵی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، سەرکردە ئیسلامییەکانی ئێران ئامادەن دانوستان لەگەڵیدا بکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا وەک کاردانەوە بەرامبەر بە سەرکوتکردنی دڕندانەی ڕژێم بۆ سەر خۆپیشاندەران، ئامادەیی سەربازی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێزتر دەکات.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەکسیۆس ڕۆژی دووشەممە، ترامپ سەبارەت بە ڕژێمی ئێران وتی "ئەوان دەیانەوێت ڕێککەوتنێک بکەن. منیش ئەوە دەزانم . لە چەندین بۆنەدا داوایان کردووە. ئەوان دەیانەوێت گفتوگۆبکەن."

ترامپ بوونی سەربازی ئەمەریکای لە نزیک ئێران زیاد کردووە، کەشتی فڕۆکەهەڵگری USS Abraham Lincoln و گروپی هێرشبەری (CSG)ی جێگیرکردووە. فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریکا لە پۆستێکی سۆشیال میدیادا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە کەشتییە جەنگییەکان لە شوێنی پێشوویانەوە لە دەریای باشووری چینەوە گەیشتوونەتە ناوچەکە.

لە چاوپێکەوتنەکەی ئەکسیۆسدا سەرۆک ترامپ وتی "سوپایەکی گەورەمان لە نزیک ئێران هەیە، لەوەی ڤەنزوێلا گەورەترە." ئەوەی ڤەنزوێلا ئاماژەیە بۆ کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا کە ترامپ پێش ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کە سەرەتای ئەم مانگە دەستی بەسەر نیکۆلاس مادۆرۆی دیکتاتۆردا گرت و لەکارەکەی دووری خستەوە، لە کەناراوەکانی وڵاتەکەدا جێگیرکرابوون.

کۆشکی سپی دەستبەجێ وەڵامی داواکاری دەنگی ئەمەریکای نەدایەوە بۆ لێدوان لەسەر چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئیدارەی ترامپ بۆ داواکارییەکانی ڕژێمی ئێران بۆ دانوستان، لەکاتێکدا ڕووبەڕووی فشاری سەربازی ئەمەریکا دەبێتەوە.

لە هەنگاوێکی دیکەدا بۆ نیشاندانی توانا سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا (AFCENT) ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "مەشقێکی ئامادەباشی چەند ڕۆژە ئەنجام دەدرێت بۆ نیشاندانی توانای بڵاوبوونەوە، و بەردەوامبوونی هێزی ئاسمانی جەنگی لە سەرتاسەری ناوچەی بەرپرسیارێتی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا". کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەگرێتەوە.

ترامپ چەندین جار هۆشداری داوە بە ڕژێمی ئێران بۆ ڕاگرتنی کوشتنی بەکۆمەڵی هەزاران خۆپیشاندەر کە بەشدارییان لەو ڕاپەڕینەکەدا کردووە کە لە ٢٨ ی مانگی ١٢ وە دەستیپێکردووە، خۆپیشاندەران داوای کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی تاکڕەو دەکەن.

هەروەها سەرۆک ترامپ ئەوەشی خستە ڕوو کە بەهۆی هۆشدارییەکانی ڕژێم ناچار بوولەسێدارەدانی پلان بۆ داڕێژراوی سەدان خۆپیشاندەری دیکە، ڕابگرێت.

تامی بروس جێگری باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاند بەڕێوەبەرایەتی ترامپ فشار دەبات بۆ "جێبەجێکردنی تەواوەتی" سزاکانی سەر ئێران کە ئەنجومەنەکە لە ساڵی ڕابردوودا سەپاندییەوە. ئەو سزایانە بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی چالاکییەکانی ئێرانە بۆ بڵاوبوونەوەی چەک.

بروس هەروەها وتی ڕژێمی ئێران "ماوەی دەیان ساڵە لە ڕێگەی توندوتیژی و تۆقاندنەوە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی خستووەتە مەترسییەو".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ئەنجامی دانانی پارە لە گیرفانی تیرۆریستان و دابینکردنی بودجە بۆ بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی، لەبری دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی گەلانی ئێران، بینومانە کە خەڵکی ئێران ئیتر پشوویان نەماوە."