Accessibility links

ڕوبیۆ هۆشداری دەدات و دەڵێت حکومەتێکی سەر بە ئێران خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عێراق ناکات

مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە 25ی مانگی یەک لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وێڕای دەستخۆشیکردن لە دەستپێشخەری سەرکردایەتی حکومەتی عێراق سەبارەت بە گواستنەوەی تیرۆریستانی داعش بۆ عێراق و دەستەبەرکردنی دامەزراوەکان بەو مەبەستە، هۆشداریشی دا سەبارەت بە ئەگەری پێکهێنانی حکومەتێکی نزیک لە ئێران لەو وڵاتە.

هۆشدارییەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دوای ئەوە دێت کە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن هاوپەیمانی سەرەکی شیعە لە عێراق کە لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی ئەو وڵاتەی بەدەستهێنابوو، نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق وەک کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستنیشانکردووە.

لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هاتووە، مارکۆ ڕوبیۆ لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەیدا لەگەڵ سودانی، هیوای ئەوەی دەربڕیوە حکومەتی داهاتووی عێراق بتوانێت وڵاتەکە بکاتە "هێزێک بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

تۆمی پیگۆت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕوبیۆ جەختی لەوە کردووەتەوە "حکومەتێک کە ئێران کۆنترۆڵی دەکات، ناتوانێت بەرژەوەندییەکانی عێراق لە پێشینەی کارەکانی خۆیدا دابنێت و وڵاتەکە لە ململانێکانی ناوچەکە دوور بخاتەوە، یان هاوبەشی و هاوپەیمانی نێوان ئەمەریکا و عێراق پێشبخات".

یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی واشنتن بۆ بەغدا، ڕێگریکردنە لە سەرهەڵدانەوەی میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران. محەمەد سودانی کە لە ساڵی 2022 وە هاتوەتە سەر دەسەڵات، لە ڕێگەی هەوڵەکانی بۆ سنووردارکردنی توندوتیژیی ئەو گرووپانە، متمانەی ئەمەریکای بەدەستهێنا.

سەرچاوەیەکی سیاسی عێراقی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە ئێستا ئەمەریکا بەغدای ئاگادار کردووەتەوە کە ڕوانگەیەکی نەرێنی هەیە بۆ حکومەتەکانی پێشوو بە سەرۆکایەتی نوری مالیکیشەوە.

بڕیارە سبەی سێشەممە پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە بۆ هەڵبژاردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی وڵات.



XS
SM
MD
LG