Accessibility links

هاوکاتی بەرزبوونەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئێران، فەرماندەی سێنتکۆم سەردانی ئیسرائیل دەکات

سەرۆکی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (CENTCOM) سەردانی ئیسرائیل دەکات و لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل و کۆمەڵێک فەرماندەی باڵای سەربازی لە تەلئەڤیڤ کۆدەبێتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیل، براد کوپەر و ئەیال زەمیر سەرەتا کۆبوونەوەیەکی دووکەسی درێژخایەن و تایبەتیان لە ڕۆژی شەممە ئەنجامدا و دواتر کۆبوونەوەیەکی فراوانتریان لەگەڵ سەرۆکەکانی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیل ئەنجامداوە.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کۆبوونەوەکە دەرخەری پەیوەندی تایبەتی نێوان فەرماندەکان و پەیوەندییە ستراتیجییە نزیکەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل و ئەمەریکایە و هەروەها پیشاندەری بەردەوامبوونی هاوکارییە بەرگرییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەکەیە.

ڕاگەیەندراوەکەی سوپای ئیسرائیل بەبێ ئاماژەدان بە بابەتگەلێکی تایبەت کە باسکراون، جەخت لەسەر "بەهێزکردنی پەیوەندییە ستراتیجییە نزیکەکان" و "زیادکردنی هاوکاری بەرگری" لە نێوان هەردوولا دەکاتەوە و گەشتەکەی فەرماندەی سێنتکۆمیش بە هەنگاوێکی دیکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمنی ئێسرائیل لەگەڵ واشنتن ناو بردووە.

میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە ئەم گەشتە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هەڕەشەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمەریکا بۆ کردەوەی سەربازی لە کاردانەوە بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە ئێران و هەروەها هاوکاتە لەگەڵ ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە ناکۆکی نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی ئاگربەستی غەززە.

لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، سوپای ئیسرائیل ئاستی ئامادەبوونی خۆی بەرزکردۆتەوە و هاوکات ئامادەبوونی سەربازیی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا بەهێزتر بووە. لە هەمان کاتدا فەرماندەی سێنتکۆم چەندین گەشتی بۆ وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامداوە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی.

This item is part of
XS
SM
MD
LG