هێزی ئاسمانی ژێر دەسەڵاتی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مانۆڕ ئەنجام دەدات.
ئامانج لەم مانۆڕە نیشاندانی توانای بڵاوەپێکردنی خێرای هێزەکان و پاراستنی هێزی ئاسمانییە. سێنتکۆم دەشڵێت بۆ ڕێگریکردن و کەمکردنەوەی لێکدانەوەی هەڵەیە و هەروەها بۆ دڵنیاکردنەوەی هاوبەشە ناوچەییەکانە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کەناڵی 13ی ئیسرائیل بڵاویکردەوە کەشتی فڕۆکەهەڵگری USS Abraham Lincoln شەوی یەکشەممە گەیشتووەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە نزیک ئێران جێگیر بووە.
هەروەها کەناڵی i24 News بڵاویکردووەتەوە کە ئاستی جێگیرکردنی سەربازی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەگاتە ئاستێک کە بەشی کردەوەی بەرچاوی سەربازی دەکات.
هەندێک سەرچاوەی هەواڵ لە ئەمەریکا بە پشتبەستن بە کاربەدەستانی بەڕێوبەرایەتی دۆناڵد ترامپ بڵاویان کردەوە ئەگەری هێرشکردنە سەر ڕژێمی ئێران لە ئارادایە. کۆشکی سپی هەتا ئێستا تەنیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەموو بژاردەکان بە بژاردەی سەربازیشەوە هێشتا لەبەر دەستدان.
ماوەیەک پێش ئێستا دۆناڵد ترامپ بە ئاماژەدان بە پێشهاتەکانی ئێران وتی "ئێمە چاودێری ئێران دەکەین. گەلە کەشتییەکی زەبەلاحی ئەمەریکایی بەو ئاڕاستەیە دەڕوات."
سەرۆکی ئەمەریکا پێشتر چەندین جار لەبارەی کوشتنی خۆپیشاندەران لە ئێران و ئەگەری لەسێدارەدانیان هۆشداری بە کۆماری ئیسلامی داوە و ڕایگەیاندووە کە درێژەدان بەم ڕەوتە بۆی هەیە کاردانەوەی ئەمەریکا لێبکەوێتەوە.