مانگی سووری کوردی ڕایگەیاند، بەهۆی دابەزینی پەلەی گەرما و کەمی سووتەمەنی پێنج منداڵ لە کۆبانێ گیانیان لەدەستداوە.
مانگی سوور ڕۆژی شەممە داوای لە ڕێکخراوە مرۆییەکان و کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بەپەلە بە هانای خەڵکی کۆبانێوە بچن.
ماوەی چەند ڕۆژێکە شاری کۆبانێ لەلایەن هێزەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سوریاوە گەمارۆ دراوە. دانیشتووان دەڵێن ئاو و کارەبا و ئینتەرنێت پچڕاوە، لە کاتێکدا خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی ڕۆژانە کەمی کردووە.
ئەو ڕێکخراوە هۆشداریدا لەوەی ئەگەر دەستبەجێ گەمارۆی کۆبانێ هەڵنەگیرێت، کارەساتێکی مرۆیی لەو شارەدا ڕوودەدات.
زیاتر لە 300 هەزار کورد لە کۆبانێ و گوندەکانی دەوروبەری دەژین. خەڵکی ناوچەکە ترسیان لەوە هەیە کە کۆتایی هاتنی ئاگربەستی نێوان حکومەتی کاتیی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ببێتە هۆی پەرەسەندنی شەڕ و ناسەقامگیری زیاتری دۆخەکە بۆ دانیشتووان.