Accessibility links

هەسەدە دەڵێت سەرەڕای ئاگربەست لە چوارشەممەوە 22 پێشێلکاری ئەنجام دراوە

هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویانکردەوە کە سەرەڕای ڕاگەیەندنی ئاگربەست، هێزەکانی سوپای عەرەبی سوریا لە ڕۆژی چوارشەممەوە 22 پێشێلکارییان ئەنجامداوە و لە باکووری شاری ڕەقە بە چەکی قورس بۆردومانی زیندانی قەتانیان کردووە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست، هێزەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر کۆبانی و زیندانی قەتان لە ڕەقە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی هەسەدە هاتووە، "هێزەکانی حکومەت ناوچەی دەوروبەری شارۆچکەی سڕینیان کردووەتە ئامانج و هێرشیان کردووەتە سەر گوندی خەروس لە باشووری کۆبانی."


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، تەواوی باشوور و باشووری ڕۆژئاوای کۆبانیش تۆپباران دەکرێت.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە شەڕ و پێکدادان لە لادێکانی تەل تەمریش ڕوویداوە.

بە گوتەی حکومەتی سوریا، ژمارەیەک لە سەربازەکانیان دوای هێرشی هێزەکانی سوریای دیموکرات کوژراون.

XS
SM
MD
LG