Accessibility links

سەدان شەڕڤانی هەسەدە گواسترانەوە بۆ كۆبانی

تەواوی ئەو شەڕڤانانەی شاری ڕەققە کە لەناو زیندانی ئەقتان گەمارۆ درابوون و بۆ چەندین ڕۆژ ڕێگەیان نەدەدا هێزەکانی عەرەبی سوریا زیندانەکە بگرن، بە سەلامەتی گواسترانەوە بۆ شاری کۆبانی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبانی کە ناوی لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە ژمارەی شەرڤانەکانی بە زیاتر لە 800 کەس خەمڵاند.

چوونی شەڕڤانەکان بۆ ناو کۆبانی لە کاتێکدایە ئەم شارە کوردییە چەندین ڕۆژە لەلایەن چەکدارانی سەر بە سوپای عەرەبی سوریاوە گەمارۆ درابوون و سەرچاوە ناوخۆییەکان باس لە بارودۆخی سەختی هاوڵاتیان دەکەن بە هۆی بڕینی سەرچاوەکانی ئاو و کارەبا و ئینتەرنێت و پێداویستییەکانی تر لەم وەرزە سەختەی سەرمادا.

ئەمڕۆ هەینی ڕێکەوتی 23-1-2026، هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئەرکی گواستنەوەی چەکدارەکانمان کە لە ئەرکدا بوون بۆ پاسەوانیکردنی زیندانی ئەقتان تەواو بوو."

سه رچاوەیەک له شاری کۆبانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەو کاروانەی گەیشتوونەتە شارەکە زیاتر له 800 شەڕڤانی تێدابووه و بە سەلامەتی و هوتافی نەتەوەییەوە چوونەتە ناو شارەکەوە.

ئاژانسی سانای حکومەتی سوریا لە زاری وەزارەتی ناوخۆی سوریاوە ڕایگەیاندووە، "ئیدارەی زیندانی ئەقتان لە ڕەققە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات وەرگیراوە و پاسەوانانی زیندانەکەش گواستراونەتەوە؛ ئەمەش خاڵێکی ڕێککەوتنی 18ی مانگی یەکە کە دەبێت زیندانەکە لە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی ناوخۆی سوریادا بێت."

هەتا ئێستا دیار نییە چەند ئەندامی داعش لە زیندانی ئەقتان دەستبەسەرن، بەڵام ژمارەیان بە نزیکەی دوو هەزار کەس مەزندە دەکرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە هێزەکانی ئەمەریکا دەستیان کردووە بە گواستنەوەی زیاتر لە حەوت هەزار دەستگیرکراوی داعش لە سوریاوە بۆ عێراق.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاند، گواستنەوەی ئەندامانی داعش دەستپێشخەرییەکی عێراقییە.


XS
SM
MD
LG