Accessibility links

سیناتۆر گراهام: کۆدەنگییەکی بەهێز لە سیناتی ئەمەریکا هەیە بۆ پاراستنی کورد

سیناتۆری کۆماری لینزی گراهام جەختدەکاتەوە لەسەر هەبوونی "کۆدەنگییەکی بەهێز" لە ناو ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا هەیە بۆ پاراستنی کورد لە سوریا و دەڵێت، "چاوەڕوان بن؛ دەستەڵاتەکانی سینات ڕاستەقینەن."

لینزی گراهام، سیناتۆری ویلایەتی کارولاینای باشور، شەوی پێنجشەممە بە کاتی واشنتن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، "لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکادا سەرنجێکی هەمەلایەنی بەهێز هەیە کە هەتا دێت زیاتر دەبێت سەبارەت بە تێکچوونی دۆخی سوریا."

ڕایگەیاند، "کۆدەنگییەکی بەهێز هەیە لەسەر ئەوەی دەبێت پارێزگاری لە کورد بکرێت کە لەگەڵ ئێمە بوون بۆ لەناوبردنی خەلافەتی داعش و چەندین گروپی تریش. دەسەڵاتەکانی سینات ڕاستەقینەن. چاوەڕوان بن."

سیناتۆرە باڵاکەی کۆماری هەروەها نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە گوایە ئەگەری هەیە ئەمەریکا بە تەواوی هێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند نزیکەی 7 هەزار ئەندامی داعش دەگوازرێنەوە بۆ عێراق.

ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ دوێنێ پێنجشەممە ڕایگەیاند لە سێ سەرچاوەی فەرمی ئەمەریکاوە زانیویەتی کە بەرپرسان لە واشنتن بەهۆی ڕووداوە خێراکانی چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە سوریا بیر لە کشانەوەی تەواو دەکاتەوە لەو وڵاتەدا.

سیناتۆر لینزی گراهام لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، "ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، داعش زۆر دڵی خۆشدەبێت. هەبوونی شوێنپێیەکی بچووکی ئەمەریکییەکان بە کارکردن لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەدا، دڵنیایی دەدات لە دژی سەرهەڵدانەوەی داعش و هێرشکردنە سەر وڵاتەکەمان."

وتیشی، "پێموایە کاتی ئەوە هاتووە بە ڕێبازێکی نوێ و چاوی نوێ مامەڵە بکەین لەگەڵ سوریا. من دڵنیام کە زۆرێک لە سیناتۆرەکان – لە هەردوو حزبەوە – هەمان نیگەرانییەکانی منیان هەیە سەبارەت بە کاریگەرییەکانی کشانەوە لە کاتێکدا سوریا زۆر ناسەقامگیرە."



XS
SM
MD
LG