ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ڕۆژی هەینی، وادیارە ئەگەری پشتگیریکردنی لە کاندیدبوونی سوید لە ناتۆ بە کراوەیی جێهێشت و ڕایگەیاند، تورکیا لە لوتکەی هەفتەی داهاتووی هاوپەیمانانی ناتۆ "باشترین بڕیار دەدات، هەرچییەک بێت."
ئەو قسانەی ئەردۆغان چەند کاتژمێرێک پێش پێشوازیکردنەکەی بوو لە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ وتووێژکردن لەسەر هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و هەروەها فراوانکردنی هاوپەیمانی سەربازی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا.
دژایەتی تورکیای ئەندامی ناتۆ لە بەرامبەر قبوڵکردنی سوید بۆ ناو هاوپەیمانییەکە واشنتن و برۆکسلی نیگەران کرووە، کە دەڵێن ستۆکۆڵم کاری پێویستی کردووە بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی ئانکەرە.
تورکیا کە ڕێگرە لەبەردەم هەوڵەکانی سوید بۆ بوون بە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا بەردەوام ئەو وڵاتەی باکوری ئەوروپای گوناهبارکردووە بەوەی بووەتە شوێنێک بۆ "تێرۆریستان" و بەتایبەتیش وەک ئانکەرە دەڵێت بووەتە پەناگەیەک بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان. تورکیا بەردەوامیش داوا لە ستۆکۆڵم دەکات تا دەیان کەسی ڕادەست بکاتەوە.
ئەردۆغان ڕۆژی هەینی نیگەرانییەکانی خۆی دووپاتکردەوە و پرسیاری ئەوەی کرد کە "چۆن وڵاتێک کە تیرۆریستانی لەسەر شەقامەکانی بێت... دەتوانێت بەشداری لە ناتۆدا بکات".
بەڵام هاوکات ئەگەری پەسەندکردنی داواکەشی ڕەت نەکردەوە کە ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ ئۆلف کرسترسن سەرۆک وەزیرانی سوید لە دانوستانەکانی ڕێکخراوی ناتۆدا تاوتوێ دەکات.
لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا وتی "رۆژی سێشەممە لە لوتکەی سەرکردایەتی کە بڕیارە لە ڤیلنیۆس بەڕێوەبچێت، لەگەڵ هاوبەشەکانمان تاوتوێی (نیگەرانی تورکیا) دەکەین، باشترین بڕیار دەدەین، هەرچییەک بێت".
سەرچاوە: فرانس پرێس