دادگایەک لە وڵاتی سوید، هاووڵاتییەکی کوردی تورکیای سزاداوە بە تاوانی "هەوڵدان بۆ دابین کردنی دارایی بۆ تێرۆریستان" وەک ئاماژەیشی پێکراوە ئەو هەوڵەی داویەتی بۆ لایەنێکی کوردی بووە.
ئەم سزادانەش یەکەمین جارە لە وڵاتێکی سکاندیناڤیا بدرێت کە دەخوازێت ببێتە ئەندامی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە هەوڵی قایل کردنی تورکیادایە تا پشتیوانی لەو هەوڵەی بکات.
دادگاکەی وڵاتی سوید بڕیاری 4 ساڵ و 6 مانگی زیندانیکردنی سەپاندووە بەسەر ئەو هاووڵاتییە کوردە کە لە چلەکانی تەمەنیدایە و هەر بەپێی ئەو بڕیارەی دادگا دوای بەسەربردنی ماوەی زیندانیکردنەکەی دەشگەڕێندرێتەوە بۆ تورکیا.
لە مانگی یەکی ڕابردوودا ئەو هاووڵاتییە دەستگیر کراوە پاش ئەوەی لە دەرەوەی چێشتخانەیەکدا لە ستۆکۆڵم تەقەی کردبوو.
دادوەر مانس ویگن، دەڵێت "ئەو کابرایە هەوڵی داوە بە زەبری چەک پارە لە کاردارێکی کورد بسەنێت لە ستۆکۆڵم و ئەو پارەیە بداتە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)."
ئیلهان ئایدن، پارێزەری ئەو هاووڵاتییە کوردەی تورکیا داوای خستۆتە بەردەم دادگای پێداچوونەوە و تا چاو بەو بڕیارەدا بخشێندرێتەوە و دەڵێت "ئەو بڕیارەی دادگا جێی مەخابنە و هەرگیز لەگەڵ ئەوەشدا نین ئەم دۆسێیە بخرێتە خانەی دابینکردنی دارایی بۆ تێرۆریستان و هەروەهاش خانەی لێسەندنی پارە بە زەبری چەک."
تورکیا کە ڕێگرە لەبەردەم هەوڵەکانی سوید بۆ بوون بە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا بەردەوام ئەو وڵاتەی باکوری ئەوروپای گوناهبارکردووە بەوەی بووەتە شوێنێک بۆ "تێرۆریستان" و بەتایبەتیش وەک ئانکەرە دەڵێت بووەتە پەناگەیەک بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان. تورکیا بەردەوامیش داوا لە ستۆکۆڵم دەکات تا دەیان کەسی ڕادەست بکاتەوە.
سەرچاوە: فرانس پرێس