ڕووسیا کەسێک دەستگیردەکات بە تۆمەتی ئەو هێرشەی بلۆگەرێکی لایەنگری شەڕی تێدا کوژرا

دەسەڵاتدارانی ڕووسیا ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند ژنێکیان دەستگیرکردووە کە گومانی ئەوەی لێدەکرێت دەستی هەبووبێت لە بۆردومانکردنی قاوەخانەیەکی ساینت پترسبەرگ کە بووە هۆی کوژرانی بلۆگەرێکی سەربازی ناودار کە بە توندی پشتگیری لە شەڕی ڕووسیای لە ئۆکرانیا کردووە.

لیژنەی لێکۆڵینەوەی ڕووسیا ناسنامەی تۆمەتبارەکەی بە ناوی داریا تریۆپۆڤا تەمەن 26 ساڵ ڕاگەیاندووە کە هاووڵاتییەکی ڕووسیاییە و پێشتر بەهۆی بەشداریکردنی لە گردبوونەوەکانی دژە جەنگدا دەستگیرکرابوو.

ئاژانسەکانی هەواڵی ڕووسیا بڵاویانکردەوە، تەقینەوەکەی یەکشەممە کە بووە هۆی کوژرانی ڤلادلێن تاتارسکی دوای ئەوە ڕوویداوە کە پەیکەرێکیان پێدراوە کە بۆمبێکی لە ناوەوەدا شاردراوەتەوە.

لە تەقینەوەکەدا زیاتر لە 30 کەسی دیکەش بریندار بوون.

تاتارسکی ئەو ناوە بوو کە ماکسیم فۆمین بەکاری هێنابوو، کە بڵۆگەکەی سەدان هەزار شوێنکەوتووی هەبوو و پشتگیری لە داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا دەکرد.

دەزگای باڵای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ڕووسیا، دەزگا ئەمنییەکانی ئۆکرانیای بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار کرد.

میخایلۆ پۆدۆلیاک، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا ڕۆژی یەکشەممە لە تویتێکدا ڕایگەیاند تەنها کەوتبووە سەر کات کە کەی "تیرۆری ناوخۆیی ببێتە ئامرازێکی شەڕی ناوخۆی سیاسی" لە ڕووسیا.

.