Accessibility links

زێلێنسکی دەڵێت سەرۆکایەتیکردنی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن ڕووسیاوە نابەجێیە


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دەڵێت شتێکی نابەجێ بووە ڕووسیا خولی سەرۆکایەتیکردنی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی گرتۆتە دەست، ئاماژەی بەوەدا ئەمە " مایەپووچی تەواوی " دامەزراوەکە دەردەخات

ڕۆژی شەممە ڕووسیا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ مانگی چوار گرتە دەست، هەر مانگە و وڵاتێکی ئەندام دەبێتە سەرۆکی ئەنجومەنەکە. دوایین جار لە مانگی دووی ساڵی 2022 دا بوو ڕووسیا سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکەی گرتە دەست، لەو کاتەدا کە داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا دەستپێکرد.

زێلێنسکی وتی " بە داخەوە هەواڵێکی بە ئاشکرا نابەجێ و وێرانکەرمان پێیە." وتیشی ڕۆژی هەینی بەهۆی بۆردومانەکانی ڕووسیاوە کۆرپەیەکی تەمەن پێنج ساڵ گیانی لە دەستداوە.

وتیشی " لە هەمان کاتیشدا ڕووسیا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات. ئەوە قورسە هیچ شتێکی دیکە جگە لەمە بخەیتە بەرچاوت کە مایەپووچی تەواوی ئەو جۆرە دامەزراوەیە دەربخات."

ڕۆژی پێنجشەممە ئەمەریکا داوای لە ڕووسیا کرد " بە شێوەیەکی پیشەیی کارەکانی ئەنجام بدات " کاتێک ئەو پۆستە وەردەگرێت، وتیشی هیچ ئامڕازێک نەبووە بۆ ڕێگریکردن لە ڕووسیا لە وەرگرتنی ئەو پۆستەدا.

زێلێنسکی وتی ئێستا کاتی ئەوەیە چاکسازییەکی گشتی بکرێت لە دامەزراوە جیهانییەکاندا، بە ئەنجومەنی ئاسایشیشەوە.

وتی " بە دڵنیاییەوە چاکسازی پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە وڵاتانی تیرۆریست و هەر وڵاتێکی دیکەش کە بیەوێت ببێتە تیرۆریست، تاوەکو نەتوانن ئاشتی لە ناوببەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG