پۆلیسی ئۆکرانیا دەڵێت بەهۆی بۆردومانەکانی ڕووسیاوە بۆ سەر ناوچەیەکی دانیشتوان لە شاری کۆستیانتینیڤکای ئۆکرانیا شەش کەس کوژراون.
بەپێی پەیامنێرانی دەزگای هەواڵی فرانس پرێس بینایەکی نیشتەجێبوونی 14 نهۆمی زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە و خانووەکانی ئەو نزیکانەش سەقفەکانیان هەمووی ڕووخاون.
پۆلیسی هەرێمی دۆنێتسک دەڵێت ڕووسیا موشەکی سیستمی ئێس – 300 و ئوراگۆنی لە " هێرشێکی گەورەدا " بەکارهێناوە و شەش جار بۆردومانی ناوچەکەی کردووە.
کۆستیانتینیڤکا 27 کم لە شاری باخموتەوە دوورە، کە شەڕ و پێکدادانەکان تیایدا بەردەوامن. شەڕی باخموت بە سەختترین و کوشندەترین شەڕی داگیرکارییەکەی ڕووسیا دادەنرێت لە ئۆکرانیادا.
پۆلیس دەڵێت سێ ئافرەت و سێ پیاو کە تەمەنیان لە نێوان 40 بۆ شەستەکاندا بووە کوژراون، هاوکات هەشت کەسی دیکە بریندار بوون.
وتیشی هێرشەکە " 16 بینای نیشتەجێبوون و 8 خانووی تایبەت و باخچەیەکی منداڵان و بینایەکی بەڕێوبەرایەتی و سێ ئوتومبێل و بۆرییەکی گازی " کردۆتە ئامانج.
سەرچاوە/ فرانس پرێس