بڕیارە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەردانی ئەمەریکا بکات تاوەکو لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا کۆببێتەوە و وتارێک پێشکەشی کۆنگرێسی ئەمەریکا بکات، ئەمەش یەکەمین گەشتی ئاشکرای زێلێنسکییە دوای 300 ڕۆژ لە دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە وڵاتەکەی.
زێلێنسکی وتی دەچێت بۆ واشنتن تاوەکو گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆک بایدندا بکات بۆ پتەوکردنی " بەرخۆدانی ئۆکرانیا و تواناکانی بەرگری وڵاتەکەی "، ئەمەش لە نێوەندی هێرشەکانی ڕووسیادا بۆ سەر وزە و ئاو و کارەبای ئۆکرانیا لە ماوەی وەرزی سەختی زستاندا.
بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا وتی پێشبینی دەکرێت سەرۆک بایدن کۆمەڵێک یارمەتی سەربازیی دیکە بۆ ئۆکرانیا ڕابگەیەنێت کە بەهاکەی دەگاتە نزیکەی 2 ملیار دۆلار و سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتیشی تێدا دەبێت، ئەوەش بۆ ئەوەی یارمەتی کیێڤ بدات بەرگری لە خۆی بکات دژی هێرشە موشەکییەکانی ڕووسیا.
سەردانەکەی زێلێنسکی پێشبینی دەکرێت چەند کاتژمێرێک بخایەنێت.
زێلێنسکی لە ئەمەریکا لەگەڵ بایدن و ڕاوێژکارانی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیدا لە کۆشکی سپی کۆدەبێتەوە. دواتر بەشداری کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی دەکات لەگەڵ سەرۆک بایدندا و دواتریش دەچێت بۆ کاپیتۆڵ هیڵ و وتارێک پێشکەشی دانیشتنێکی هاوبەشی ئەنجومەنی سینات و ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا دەکات.
وتەبێژی کۆشکی سپی کارین جین پیێر لە بەیاننامەیەکدا وتی " سەردانەکە تیشک دەخاتە سەر پابەندبوونی جێگیری ئەمەریکا بە پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیاوە تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بکات، ئەوەش لە ڕووی ئابووری و مرۆیی و سەربازییەوە."
بەرپرسەکەی ئەمەریکا وتی بایدن فشار ناکاتە سەر زێلێنسکی تاوەکو بچێتە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ پوتندا. لە ئێستاشدا هیچ پڕۆسەیەکی ئاشتی لە نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیادا نیە.
تاوەکو ئێستا ئەمەریکا نزیکەی 20 ملیار دۆلاری بۆ یارمەتی سەربازیی ئۆکرانیا دابین کردووە، یارمەتییەکانیش بریتی بوون لە تەقەمەنی تۆپهاوێژەکان و تەقەمەنی سیستمەکانی بەرگری موشەکی ناسامس و سیستمی تۆپهاوێژی ناسامس.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز