Accessibility links

بەڕیتانیا دەڵێت ڕووسیا بە نیازە لە بەرامبەر فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا کەلوپەلی پێشکەوتووی سەربازی بدات بە ئێران


وەزیری بەرگری بەڕیتانیا بێن واڵاس
وەزیری بەرگری بەڕیتانیا بێن واڵاس

وەزیری بەرگری بەڕیتانیا بێن واڵاس ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی پلاندانان بۆ پێدانی کەلوپەلی سەربازیی پێشکەوتوو بە ئێران لە بەرامبەر سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیدا. داواشی لە ڕۆژئاوا کرد کاری زیاتر بکەن بۆ ئاشکراکردنی ئەو ئاڵوگۆڕە.

واڵاس وەکو بەشێک لە بەیاننامەکەی سەبارەت بە جەنگەکەی ڕووسیا و ئۆکرانیا، بە پەرلەمانی وڵاتەکەی وت " ئێران بووەتە یەکێک لە پشتیوانیکارە سەرەکییەکانی ڕووسیا."

وتیشی " لە بەرامبەر پێدانی زیاتر لە 300 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کامیکازیدا، ڕووسیا ئێستا بە نیازە کەلوپەلی سەربازیی پێشکەوتوو بدات بە ئێران، بەو کارەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە. دەبێت ئەو ڕێککەوتنە ئاشکرا بکەین. لە ڕاستیدا ئێستا من ئاشکرام کرد."

واڵاس وردەکاری نەدا لەسەر جۆری ئەو کەلوپەلە سەربازییانەی کە دەڵێت ڕووسیا دەیەوێت بیدات بە ئێران. وەزارەتی بەرگری ڕووسیا و وەزارەتی بەرگری ئێران تاوەکو ئێستا لێدوانیان لەسەر لێدوانەکانی واڵاس نەداوە.

بەڕیتانیا و هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا یارمەتی سەربازیی ئۆکرانیایان داوە لە ماوەی داگیرکارییەکەی ڕووسیادا، کە مۆسکۆ بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناوی دەبات و دەڵێت ئامانج لێی لە ناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا و نەتەوە پەرستەکانی ئەو وڵاتەیە.

بەڕیتانیا و ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا سزایان بەسەر بەرپرسانی سوپای ئێران و کۆمپانیاکانی بەرگری ئەو وڵاتەدا سەپاندووە، کە باوەڕ وایە ئەو کەس و لایەنانە دەستیان هەبووبێت لە دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بۆ ڕووسیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG