Accessibility links

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان باوەڕی وایە جەنگەکەی ئۆکرانیا و ڕووسیا بەردەوام دەبێت


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ڕەشبینە سەبارەت بەوەی جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بەمزووانە کۆتایی بێت و هیوای خواست تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو کۆتایی پێبێت.

گۆتیرێش لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە نیویۆرک بە ڕۆژنامەنووسانی وت " من گەشبین نیم بە ئەگەری گفتوگۆیەکی ئاشتی کاریگەر لە داهاتوویەکی نزیکدا."

ڕۆژی دووشەممە ڕووسیا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کۆمەڵێک هێرشی کردە سەر ژێرخانە هەستیارەکان لە کیێڤ.

گۆتیرێش لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک وتی " باوەڕم وایە ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکە بەردەوام دەبێت."

دوای چەند خولێکی دانوستانەکانی ئاشتی لەنێوان شاندەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیادا لە سەرەتای جەنگەکەدا، دانوستانەکان بە خێرایی وەستان. ئۆکرانیا وتوویەتی پێش ئەوەی گفتوگۆی ئاشتی بکرێت پێویستە ڕووسیا سەرجەم هێزەکانی بە تەواوەتی لە ئۆکرانیا بکشێنێتەوە.

مانگی ڕابردوو بەرپرسێکی باڵای ئۆکرانیا وتی هەر گفتوگۆیەک کە لە سنوورە دانپێدانراوە نێودەوڵەتییەکانی ئۆکرانیاوە سەرچاوەی نەگرتبێت " جێی قبوڵکردن نیە."

گۆتیرێش وتی هیواخوازە لە ساڵی 2023 دا دوو وڵاتەکە بگەنە ڕێککەوتنێکی ئاشتی.

ئاماژەی بە " دەرەنجامەکانی جەنگەکەدا " بۆ سەر ئۆکرانییەکان و کۆمەڵگای ڕووسی و ئابووری جیهان لە حاڵەتێکدا ئەگەر نەگەن بە ڕێککەوتنێکی ئاشتی.

وتی " هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ ئێمە تاوەکو ئەوەی بتوانین ئەنجامی بدەین بۆ گەیشتن بە چارەسەری ئاشتی پێش کۆتایی ساڵی 2023."

لە ماوەی کۆنفرانسە یەک کاتژمێرییەکەدا، گۆتیرێش وەڵامی کۆمەڵێک بابەتی دایەوە، لەوانەش ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و موشەکەکانی کۆریای باکوور و دۆخە خراپەکەی مالی.

سەبارەت بە ئێران، گۆتیرێش وتی سەرکوتکارییەکانی ئێران دژی خۆپیشاندانەکان " بە تەواوەتی جێی قبوڵکردن نیە."

وتی " پێشێلکارییەکی زۆر گەورەی مافەکانی مرۆڤ دەبینین و بە توندی سەرکۆنەی دەکەین."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG