Accessibility links

زێلێنسکی: لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا زیاتر لە 1100 سەربازی ڕووسی لە باخموت کوژراون


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دەڵێت لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا لە شەڕەکان لە باخموتی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا زیاتر لە 1100 سەربازی ڕووسی کوژراون.

زێلێنسکی وتی " لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا لە 6 ی مانگی سێوە تاوەکو ئێستا، توانیومانە بە تەنها لە میحوەری باخموت زیاتر لە 1100 سەربازی دوژمن بکوژین، ئەم زیانەش لە نزیک باخموت ڕووسیا ناتوانێت قەرەبووی بکاتەوە."

وتیشی 1500 سەربازی ڕووسیش بریندار بوون. دەیان کەلوپەلی سەربازی دوژمن لە ناوبراون و 10 کۆگای تەقەمەنی ڕووسیاش لە ناوبراوە.

ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەو لێدوانانە پشتڕاست بکاتەوە.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوودا وتەبێژی سەربازی ئۆکرانیا سێرهێی چیریڤاتی وتی لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا لە باخموت 221 سەربازی سەر بە ڕووسیا کوژراون و زیاتر لە 300 سەربازی دیکەیان بریندار بوون. وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی نزیکەی 210 سەربازی ئۆکرانیا لە هێڵەکانی پێشەوەی هەرێمی دۆنێتسک کوژراون.

هەردوولا دانیان بەوەداناوە کە زیانێکی گەورەیان لە باخموت بەرکەوتووە، بەڵام قورسە ژمارەی تەواوی قوربانییەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست بکرێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG