Accessibility links

سەرۆکی واگنەر: ڕەنگە ڕووسیا دوو ساڵی بوێت بۆ گرتنی هەرێمەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا


سەرۆکی گروپی بەکرێگیراوی سەربازی واگنەر لە چاوپێکەوتنێکی دەگمەندا وتی ڕەنگە ڕووسیا دوو ساڵی بوێت بۆ ئەوەی دوو هەرێمەکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵ بکات، کە لە سەرەتای جەنگەکەوە گرتنی ئەو هەرێمانە ئامانجی سەرەکی مۆسکۆ بووە.

سەرۆکی واگنەر، یەڤگینی پیرگۆژین وتی ئەوەندەی لە پلانەکەی ڕووسیا تێگەیشتووە ئەوەیە کە مۆسکۆ پێویستی بەوەیە بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵی هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک بکات، کە ساڵی ڕابردوو مۆسکۆ وەکو " کۆمارەکانی " ڕووسیا ناساندنی، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی زۆربەی وڵاتانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کارێکی نایاسایی ناوی ببەن.


پیرگۆژین وتی " ئەوەندەی من تێگەیشتووم، پێویستە کۆمارەکانی دۆنێتسک و لوهانسک بە تەواوەتی بگرین و ئەوەش لە ئێستادا بۆ هەمووان گونجاوە."

وتیشی ڕەنگە ئەوە یەک بۆ دوو ساڵی بوێت.

وتیشی " ئەگەر بمانەوێت دنیپرۆش بگرین، ئەوا سێ ساڵی دەوێت."

پیرگۆژین بە ناوی سوپای ڕووسیاوە قسە ناکات، بەڵام لە چەند مانگی ڕابردووەوە بە شێوەیەکی بەرچاو دەرکەوتووە، هەندێک کاتیش ڕەخنە لە سەرکردایەتی سوپای ڕووسیا گرتووە لەسەر شکستەکانی هێزەکانی ڕووسیا لە ماوەی جەنگەکەدا. هاوکات چەکدارەکانی واگنەر لە سەختترین گۆڕەپانی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا بوونیان هەیە.

پیرگۆژین لە چاوپێکەوتنەکەودا وتی " هیچ " خواستێکی سیاسیی نیە.

وتیشی ڕووسیا پێویستە باخموت بگرێت، شارێکی ناو دۆنێتسکە و چەند مانگێکە شەڕێکی سەختی تێدایە و هێزەکانی ئۆکرانیا بە سەختی بەرگری لێدەکەن.

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا ڕووسیا نزیک بۆتەوە لە گەمارۆدانی تەواوەتی شارەکە، پیرگۆژین وتی " ڕەنگە ئێستا زۆر زوو بێت بڵێین نزیک بووینەتەوە. ڕێگاکانی دەرچوون لە شارەکە زۆرن و ڕێگاکانی چوونە ناوەوە کەمترن. هێزەکانی ئۆکرانیا بە باشی مەشقییان پێکراوە، گرتنی تەواوەتی شارێکی گەورەش مەحاڵە، زۆر بە باشی مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین."

پریگۆژین خۆی بە دوورگرت لە هێرشکردنە سەر سەرکردایەتی سەربازی ڕووسیا، سەیری کامێراکەی دەکرد بۆ ئەوەی جەخت لەوە بکاتەوە کە ڕەخنە لە کەس ناگرێت.

بەڵام وتی گرنگە سەرکردایەتی باڵای ڕووسیا لە دۆخی سەربازەکانی هێڵەکانی پێشەوە تێبگات.

وتی " ئەگەر جەنەڕاڵێک بچێتە چاڵێکەوە و قسە لەگەڵ سەربازەکاندا بکات، ئەوا سەربازەکان بە ڕاستی توشی سەرسوڕمان دەبن و زۆر دڵخۆش دەبن. ئەوە بەس دەبێت بۆ ئەوان تێبگەن کە بۆچی لەوێ بە تەنهان لەگەڵ کێشەکانیاندا."

ئەمەریکا دەڵێت واگنەر نزیکەی 50,000 سەربازی ڕەوانەی ئۆکرانیا کردووە، 10,000 بەڵێندەر و 40,000 تاوانباریشیان تێدایە کە لە زیندانەکانی ڕووسیاوە هێناوییانن بۆ شەڕکردن.

ئەمەریکا واگنەری تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی کردەوەی دڕندانە و سوکایەتیکردن بە مافەکانی مرۆڤ، مانگی ڕابردووش وەکو ڕێکخراوێکی تاوانی دەرەوەی سنوورەکان ناساندی. پریگۆژین ئەوەی ڕەت کردەوە و داوای لە واشنتن کرد " ڕوونکردنەوە " بدات واگنەر چی تاوانێکی ئەنجامداوە.

پریگۆژین لە چاوپێکەوتنەکەدا وتی واگنەر چیتر زیندانییەکان ناکاتە سەرباز. ڕەتیشی کردەوە زیندانییەکانی وەکو تۆپ بەکارهێنابێت و وتی کوژراوەکان لە نێو زیندانییەکاندا نزیکەی هەمان ڕێژەی چەکدارەکانی دیکەی بووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG