Accessibility links

سەرۆکی کۆمپانیای تایبەتی سەربازی واگنەری ڕووسی نامەیەک بۆ کۆشکی سپی دەنێرێت


سەرۆکی کۆمپانیای واگنەری سەربازیی تایبەتی ڕووسیا نامەیەکی کورتی بڵاوکردەوە کە ناردوویەتی بۆ کۆشکی سپی و تیایدا دەپرسێت کۆمپانیاکەی بە چی تۆمەتبار کراوە، ئەمەش دوای ئەوەی واشنتن سزای نوێی بەسەر کۆمپانیاکەدا سەپاند.

ڕۆژی هەینی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کیربی وتی واگنەر کە پشتیوانی لە هێزەکانی ڕووسیا کردووە لە داگیرکارییەکەیاندا لە ئۆکرانیا و شانازی بە سەرکەوتنەکانییانەوە دەکات لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا، وەکو ڕێکخراوێکی تاوانکاری نێودەوڵەتی دەناسێندرێت.

یەڤیگینی پریگۆژینی سەرۆکی کۆمپانیای واگنەری سەربازیی لە نامەیەکدا بۆ کیربی دەڵێت " جەنابی بەڕێز کیربی، تکایە دەتوانیت ڕوونی بکەیتەوە چی جۆرە تاوانێک لەلایەن واگنەرەوە ئەنجام دراوە؟"

کیربی وتی " واگنەر ڕێکخراوێکی تاوانکارییە کە کاری دڕندانە ئەنجام دەدات و سوکایەتی بە مافەکانی مرۆڤ دەکات."

مانگی ڕابردوو کۆشکی سپی وتی واگنەر چەکی لە کۆریای باکوورەوە وەرگرتووە تاوەکو یارمەتیدەر بێت لە پتەوکردنی هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیادا.

کۆریای باکوور وتی ئەو هەواڵە بێ بنەمایە و لەو کاتەشدا پریگۆژین ڕەتی کردەوە چەکی لەو وڵاتەوە وەرگرتبێت، وتی هەواڵەکە " قسە و قسەڵۆک و گومانکردنە."

ئەمەریکا لە ساڵی 2017 دا بازرگانیکردنی لەگەڵ واگنەردا قەدەغە کرد و دووبارە لە مانگی دوانزەشدا سزای بەسەردا سەپاندەوە تاوەکو ڕێگری لێبکات لە دەستڕاگەیشتنی بە چەک.

لە مانگی دوانزەی ساڵی 2021 دا یەکێتی ئەوروپا سزای بەسەر واگنەردا سەپاند، کە لەو کاتەدا لە سوریا و لیبیا و کۆماری ئەفریکای ناوەڕاست و سودان و موزەمبیق و مالی و ئۆکرانیاشدا چالاکی هەبووە.

پریگۆژین واگنەری بە هێزێکی تەواو سەربەخۆ ناوبرد کە فڕۆکە و تانک و موشەک و تۆپهاوێژی خۆی هەیە.

پریگۆژین داواکراوە، ئەوەش بە تۆمەتی دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا، لە مانگی یانزەدا پریگۆژین وتی ئەو کارەی کردووە و بەردەوامیش دەبێت لەسەر ئەنجامدانی ئەو کارە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG