Accessibility links

خەزێنەی ئەمەریکا: یەڵین و لیوی چین ڕێککەوتن لەسەر پەرەدان بە پەیوەندییەکان دوای ' گفتوگۆ ڕاشکاوەکەی ' نێوانیان


وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین و جێگری سەرۆک وەزیری چین لیو هی
وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین و جێگری سەرۆک وەزیری چین لیو هی

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیری چین لیو هیدا لە میانەی کۆبوونەوەیەکی " ڕاشکاو و بونیادنەر و ناوەڕۆکیدا " ڕێککەوتوون لەسەر پەرەدان بە پەیوەندییەکانیان سەبارەت بە پرسەکانی ئابووری گەورە و دارایی.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر پەرەدان بە هاوکارییەکانی نێوانیان لە ڕووی داراییەوە، لە نێو نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵەی بیست و گروپی ئاپیکیشدا.

یەڵین لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا وتی " لە کاتێکدا کە لە چەند بوارێکدا ناکۆکییمان هەیە و ڕاستەوخۆ باسییان لێوە دەکەین، نابێت ڕێگە بە هەڵە لەیەک تێگەیشتن بدەین، بە تایبەتی ئەو لە یەک تێنەگەیشتنانەی کە بەهۆی نەبوونی پەیوەندییەوە دروست دەبن."

لەلای خۆیەوە لیو وتی هەردوو وڵاتەکە پێویستییان بە " پەیوەندییەکی جددی " و هەماهەنگی هەیە لە پرسەکانی وەکو گۆڕانی کەش و هەوا و ئابووریدا، وتیشی ئامادەیە بۆ گفتوگۆیەکی قوڵ لەسەر ئەو بابەتانە.

لیو وتی " باوەڕمان وایە دەبێت هەمیشە وێنە گەورەکەمان لەبەرچاودا بێت، هەوڵ بدەین بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵە لەگەڵ ناکۆکییەکانماندا بکەین و خاڵی هاوبەش بدۆزینەوە. بەم شێوەیە بە هیوای ئەوەی بتوانین پێکەوە کار بکەین بۆ پاراستنی جێگیری گشتی پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمەریکا."

لە مانگی یانزەدا سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی چین شی جین پینگ لە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی بیستدا لە بالی ئیندۆنیسیا بەڵێنیاندا پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە زیاتر بکەن.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا وتی " هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە کارکردنی ئابووری جیهان گرنگە بۆ پەرەدان بە پەیوەندییەکان لەسەر پرسە ئابووری و داراییەکان."

وتیشی " وەزیر یەڵین لە گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانەدا نیگەرانییەکانی دەربڕیوە، بە پەرۆشەوەیە سەردانی چین بکات و لە داهاتوویەکی نزیکدا پێشوازی لە هاوتاکانی بکات لە ئەمەریکا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG