Accessibility links

ئەمەریکا سیستمی موشەکی پێشکەوتوو دەدات بە ئۆکرانیا


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بڕیاریداوە " سیستمی موشەکی پێشکەوتووتر و تەقەمەنی زیاتر " بدات بە ئۆکرانیا، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمەریکادا بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا لە شەڕەکەیدا دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا.

سەرۆک بایدن لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا نوسیویەتی ئەمەریکا بە چەک و تەقەمەنی یارمەتی ئۆکرانیای داوە تاوەکو پێگەی ئەو وڵاتە لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا بەهێز بکات و لە کۆتاییشدا پێگەی کیێڤ لە گفتوگۆکانی ئاشتیدا لەگەڵ ڕووسیا بەهێز بکات.

بایدن وتی " دوژمنکارییەکی بێ هۆکار، بۆردومانکردنی نەخۆشخانەکانی منداڵبوون و ناوەندە کلتورییەکان و ئاوارەکردنی ملیۆنان خەڵک جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا دەکاتە پرسێکی ئەخلاقی گەورە."

بڕیاری ڕەوانەکردنی چەکی پێشکەوتوو بۆ ئۆکرانیا دوابەدوای دوودڵی بەشێکی بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن دێت لەسەر ئەو بابەتە. ڕۆژی دووشەممە سەرۆک بایدن خۆی وتی ئەمەریکا موشەکێک نادات بە ئۆکرانیا کە " بتوانێت بگاتە ناو خاکی ڕووسیاوە."

دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس لە زاری بەرپرسانی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکاوە بڵاویکردەوە ئەم کۆمەڵە چەکە نوێیەی کە دەنێردرێن ڕۆژی چوارشەممە تاوتوێی وردەکارییەکانیان دەکرێت، موشەکی مەودا ناوەندیشیان تێدا دەبێت کە دەتوانێت نزیکەی 70 کیلۆمەتر بڕوات. بەرپرسەکان وتیشیان ئۆکرانیا دڵنیایی داوە لەسەر ئەوەی هێزەکانیان موشەک ئاڕاستەی خاکی ڕووسیا ناکەن.

بایدن نوسیویەتی کە هەوڵی ئەوە نادات بچێتە جەنگەوە لەگەڵ ڕووسیادا.

بایدن وتی " هێندەی ئەوەی کە هاوڕا نیم لەگەڵ بەڕێز پوتندا و پێم وایە خراپکاری دەکات، ئەمەریکا هەوڵی ئەوە نادات ئەو لە مۆسکۆ دووربخاتەوە، تاوەکو ئەو کاتەی ئەمەریکا یاخود هاوپەیمانەکانمان هێرشیان نەکرێتەسەر، ئێمە ڕاستەوخۆ ناچینە ئەم ململانێیەوە، نە لەڕێی ڕەوانەکردنی هێزی سەربازیی ئەمەریکاوە بۆ ئۆکرانیا و نە لەڕێی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ڕووسیاشەوە، ئێمە هانی ئۆکرانیا نادەین هێرش بکاتە سەر ئەودیوی سنوورەکانی."

سەرۆکی شارەوانی شاری سیێڤیێرۆدۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا وتی ڕووسیا نیوە یاخود زیاتری شاری سیێڤیێرۆدۆنێتسکی گرتووە کە ناوچەیەکی گرنگە لە هەوڵەکانی ڕووسیادا بۆ گرتنی سەرانسەری هەرێمی پیشەسازی دۆنباس.

فەرمانڕەوای هەرێمی لوهانسک سێرهێی گایدای وتی دوای چەند ڕۆژێک لە شەڕ و پێکدادانی قورس لەنێوان هێزەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیادا، هێزەکانی ڕووسیا کۆنتڕۆڵی زۆرینەی شارەکەیان کردووە، بەڵام گەمارۆیان نەداوە.

وتیشی بۆردومانەکانی ڕووسیا بوونەتە هۆی ئەوەی گەیاندنی پێداویستییە مرۆییەکان و گواستنەوەی ئەو 13,000 هاوڵاتیە مەدەنییەی کە هێشتا لە شارە خاپوورکراوەکەدا گیریانخواردووە مەحاڵ بێت، شارەکە پێشتر 100,000 دانیشتووی هەبووە.

سەرۆکی شارەوانی شاری سیێڤیێرۆدۆنێتسک ئۆلیکساندەر ستریوک بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی وت هێزەکانی ڕووسیا " لە هێرشێکی قۆناغ بە قۆناغدا " نیوەی شارەکەیان گرتووە.

وتی " شارەکە بەشێوەیەکی دڕندانە خاپوور کراوە." وتیشی شەڕێکی کۆڵان بە کۆڵانی قورس بەردەوامە و هاوکات شارەکە بۆردومان دەکرێت.


سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG