Accessibility links

ڕووسیا ڕاگرتنی هەناردەکردنی گازەکەی بۆ ئەوروپا فراوانتر دەکات و گرێبەستەکانی هۆڵەندا، دانیمارک و ئەڵمانیا ڕادەگرێت


ڕووسیا ڕاگرتنی هەناردەکردنی گازەکەی لەگەڵ گازپڕۆمدا بۆ ئەوروپا فراوانتر دەکات و دەڵێت " چیتر گازەکەی ڕەوانەی کۆمەڵێک لە وڵاتانی ئەوروپا ناکات کە دۆستی ڕووسیا نین " و ڕەتییان کردۆتەوە پارەی گازەکە بە ڕوبڵی ڕووسی بدەن.

ئەم هەنگاوەی گازپڕۆمی ڕووسیا وەکو وەڵامێکە بۆ ئەو سزایانەی کە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سەرەتای داگیرکارییەکەی مۆسکۆوە لە ئۆکرانیا سەپاندوویانە بەسەر ڕووسیادا، بەمەش ڕووسیا شەڕە ئابوورییەکەی لەگەڵ بڕۆکسلدا زیاتر کرد و ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی گاز لە ئەوروپادا.

ڕۆژی سێشەممە گازپڕۆم وتی بەتەواوەتی هەناردەکردنی گاز بۆ کۆمپانیای گازتێرای هۆڵەندی ڕادەگرێت.

دواتریش وتی لە یەکی مانگی شەشەوە هەناردەکردنی گاز بۆ کۆمپانیای ئۆرستدی دانیمارک ڕادەگرێت، هەروەها بە هەمان شێوە هەناردەکردنی گاز بۆ کۆمپانیای شێڵ ڕادەگرێت، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو دوو کۆمپانیایە نەیانتوانی پارەی گازەکە بە دراوی ڕوبڵی ڕووسی بدەن.

ئەم هەنگاوەی ڕووسیا دوای ئەوە دێت ڕۆژی دووشەممە ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ هاوردەکردنی لە سەدا 90 ی نەوتی ڕووسیا قەدەغە بکەن، ئەمەش تاوەکو ئێستا توندترین وەڵامی یەکێتییەکە بووە بۆ داگیرکارییەکەی مۆسکۆ لە ئۆکرانیا.

کۆمپانیای گازتێرا کە لەجیاتی حکومەتی هۆڵەندا گاز دەکڕێت و بازرگانی پێوەدەکات، وتی لەگەڵ شوێنێکی دیکەدا ڕێکەوتووە لەسەر وەرگرتنی ئەو 2 ملیار مەتر چوارگۆشەیەی گازەکە کە پێشبینی دەکرا لە مانگی 10 دا لەڕێی گازپڕۆمەوە وەریبگرێت.

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری ئابووری هۆڵەندا وتی " هێشتا ئەمە وەکو هەڕەشەیەک نابیندرێت لەسەر پێداویستییەکان."

کۆمپانیای ئۆرستێدی دانیمارکیش وتی مەترسییەکی دەستبەجێ نیە لەسەر پێداویستییەکانی گازی وڵاتەکە، وتیشی پەنا دەباتەبەر بازاڕی گازی ئەوروپا بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییەی کە دروست بووە.

بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئۆرستێد مادس نیپەر بە ماوەیەکی کورت دوای ڕاگەیاندنەکەی گازپڕۆم وتی " دەبێت گازی دانیمارک بەشێوەیەکی بەرچاو لە بازاڕی گازی ئەوروپاوە بکڕدرێت، پێشبینی دەکەین ئەمە ڕێی تێبچێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG