Accessibility links

ویلایەتەکانی ئەمەریکا ئامادەکاری دەکەن بۆ کەمکردنەوەی ڕێوشوێنەکانی کۆرۆنا


فەرمانڕەوای ویلایەتی ئۆهایۆ مایک دی وەین
فەرمانڕەوای ویلایەتی ئۆهایۆ مایک دی وەین

ویلایەتی ئۆهایۆ و کۆمەڵێک ویلایەتی دیکەی ئەمەریکا پلانی خۆیان ڕاگەیاند بۆ کەمکردنەوەی ئەو ڕێوشوێنانەی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیراونەتەبەر، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ئاماژەی بەوەدا پێدەچێت ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ببێتە هۆی گیان لەدەستدانی 100,000 هاوڵاتی ئەمەریکی.

فەرمانڕەوای ویلایەتی ئۆهایۆ مایک دی وەین ڕێگەیدا کارەکانی بینا دروستکردن و پیشەسازییەکانی دیکە دەست بکەنەوە بە کارەکانیان و هەروەها ڕێگەشیدا بەوەی کارمەندان بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

لەپێناو دەستپێکردنەوەی کارەکانیان، کۆمپانیاکان دەبێت داواکارییەکانی ویلایەتەکان جێبەجێ بکەن، لەوانەش بەستنی کەمامە لە کاتی کارکردندا و نزیک نەکەوتنەوە لە یەکتری، هەروەها خاوەن کارەکان دەبێت بە بەردەوامی شوێنی کارەکانیان پاک بکەنەوە. دی وەین داواشی کرد لە کارمەندان کرد تاوەکو دەتوانن لە ماڵەکانی خۆیانەوە کارەکانیان ڕاپەڕێنن.

جێی ئاماژەیە تاوەکو ئێستا نزیکەی نیوەی ویلایەتەکانی ئەمەریکا قۆناغ بە قۆناغ ڕێوشوێنەکانیان کەمکردۆتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو شوێنانە لە کەم بوونەوەدایە، بەڵام لە هەندێ شوێنی دیکەی ئەمەریکا حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە بەردەوامە لە زیادبوون.

زیاتر لە 1.1 ملیۆن هاوڵاتی ئەمەریکی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و نزیکەی 68,000 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

سەرۆک ترامپ دانی بەوەدانا حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لەوە زیاتر دەبێت کە کۆشکی سپی پێشتر خەمڵاندوویەتی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG