Accessibility links

کۆشکی سپی: ئەمەریکا ڕەوانەکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی ناسامس بۆ ئۆکرانیا خێراتر دەکات


وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کیربی

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کیربی دەڵێت ئەمەریکا ڕەوانەکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتووی ناسامس بۆ ئۆکرانیا خێراتر دەکات.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی دووشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بەڵێنیدا بە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی کە ئەمەریکا سیستمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو دەدات بە ئۆکرانیا.

ئەمەریکا تاوەکو ئێستا ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ ناردنی هەشت سیستمی بەرگری ئاسمانی ناسامس بۆ ئۆکرانیا، پێشبینی دەکرێت دوو سیستمییان بەمزووانە ڕەوانە بکرێن و شەش سیستمەکەی دیکەش لە ماوەیەکدا ڕەوانە بکرێن.

کیربی وتی " پێمان وایە لەسەر ئاڕاستەکەین بۆ ڕەوانەکردنی ئەو دوو سیستمە لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا. بە دڵنیاییەوە ڕەوانەکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی ناسامس بۆ ئۆکرانیا خێراتر دەکەین."

لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، ئەمەریکا بە بڕی زیاتر لە 16.8 ملیار دۆلاری لە یارمەتی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا خەرج کردووە، هەروەها کۆمەڵێک سزای ئابووری جۆراوجۆری بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG